سەردێڕ:

ئەفغانستان.. لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری ٢٨ کەس کوژران

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان ٢٨ کەس کوژران
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2018-12-25

503 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان لانیکەم ٢٨ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردووەتەوە، خۆکوژێک بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو هێرشیکردووەتە سەر بینای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە کابول و لە بەردەم بیناکە ئۆتۆمبێلەکەی تەقاندووەتەوە، دواتر سێ چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر بینای وەزارەتی کاروباری شەهیدان و کەمئەندامان و نزیکەی ٣٥٠ کەسیان بە بارمتە گرتووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوای رووبەڕووبوونەوەیان لە گەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان، هەر سێ چەکدارەکە کوژراون و سەرجەم بارمتەکانیش ئازاد کراون.

نەجیب دانش وتەبیژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکەوە لانیکەم ٢٨ کەس کوژراون کە لە نێویاندا پۆلیسێک و ئافرەتێک هەیە، هەروەک زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان کارمەندانی حکومین.

تا ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە.

لە مانگی رابردوودا چەندین تەقینەوەی خۆکوژی لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان روویانداوە، نزیکەش دوو هەفتە لەمەوبەریش هێرشکرایە سەر کاروانی هێزە ئەمنییەکان لەو شارە و بەوهۆیەشەوە ١٢ کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

ش.ق