سەردێڕ:

دادگاییکردنى سەرۆکى یەکەم دانیشتنى پەرلەمان ڕەتکرایەوە

فراکسیۆنى نەوەى نوێ واژۆى لەسەر ڕەتکردنەوەکە نەکرد
فۆتۆ: 
2018-12-24

1734 جار خوێندراوەتەوە

دوای سێ دانیشتنی دادگای کارگێڕی هەولێر لەسەر سکاڵایەکی نەوەی نوێ لەسەر سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، دادگا بڕیارى کۆتایى لەبارەى سکاڵاکەى نەوەى نوێ دا و ڕایگەیاند، دادبینى لە کێشەکانى تایبەت بە پەرلەمان لە پسپۆڕى ئەواندا نییە.

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت، نازانن هانا بۆ کام دادگا بەرن تا بتوانێت لێپرسینەوە لە پەرلەمان بکات. دەشڵێت، واژۆیان لەسەر ڕەتکردنەوەکەی دادگا نەکردووە، لەبەرئەوەی ناکرێت دوای چوار دانیشتن وەڵامێکی لەو جۆرە بدرێینەوە.

دیاری ئەنوەر ئەندامی پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى نەوەى نوێ دەڵێت، بە ڕوونى بە دەستەى دادوەرى دادگاى ئیدارى هەولێریان وتووە، دادگایەکیان بۆ دەستنیشان بکەن کە پێی بڵێن لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان یاسا پێشێلکراوە، بەڵام لە وەڵامدا وتوویانە، نازانین.

فراکسێۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵایان لەسەر سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان تۆمارکردووە دەڵێن، گومانیان لە بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی هەیە، چونکە لە سێ دانیشتنی ڕابردوو بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە کردووە، ئێستاش دەڵێت کاری ئەوان نییە.

شۆڕش حەسەن  شارەزای یاسایی دەڵێت، داواکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوایەکی درووستە، چونکە بۆ بەرگری لە مافی خەڵکە و هێشتنەوەی دانیشتنەکەش بەمجۆرە پێشێلکاریی یاسایە.

دوای هەڵپەساردنی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان سکاڵای یاسایی لەسەر سەرۆکی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان تۆمارکرد، کە لە سکاڵاکەدا نەوەی نوێ داوایکردووە ڕێڤینگ هروری لەلایەن دادگاوە بانگهێشتبکرێت و بڕیارى هەڵپەساردنى دانیشتنى پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە و سەرۆکى کاتیی ناچاربکرێت بە بانگهێشتکردنى پەرلەمانتاران بۆ کۆبوونەوە و هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان.

ئ.ر