سەردێڕ:

عێراق: ئەمریکا ئاگاداریکردووینەتەوە لە کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-24

3570 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە (٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) ئاشکرایکرد، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاگاداریکردوونەتەوە لە کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا.

عەبدولمەهدی لەمیانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا وتی، "مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاگاداریکردینەوە لە کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا و جەختیشیکردەوە لە پابەندبوونی واشنتۆن بە پشتیوانیکردن لە عێراق."

عەبدولمەهدی جەختیکردەوە، عێراق پەیوەندییەکی پتەوی هەیە لەگەڵ دەوڵەتانی هاوسێ و زۆربەی هێزەکان لە سوریا، کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لەم بابەتەدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، عێراق هەنگاوی پێویستی ناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، چونکە کشانەوەی ئەو هێزانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر عێراق.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونیکردەوە، عێراق وڵاتێکی سەربەخۆیە و هیچ داوایەکیشی پێنەگەیشتووە سەبارەت بە جوڵەکردن دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.

ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانیکرد بە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوخۆی سوریا کە ژمارەیان دوو هەزار سەربازە.

ئەو بڕیارەش کاردانەوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی سوریا بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە تا ئێستا مەترسیی چەکدارانی داعشیان لەسەرە.

ع.م