سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق هەردوو وەزیری پەروەردە و کۆچ و کۆچبەرانی پەسەند کرد

پێکهێنانی حکومەتى نوێی عێراق
فۆتۆ: 
2018-12-24

3400 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆی خۆیدا هەریەکە لە شەیما خەلیلی بۆ وەزارەتی پەروەردە و نەوفل بەهاء موسای بۆ پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران پەسەند کرد.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی ڕایگەیاند، لە دوای دروستبوونی ئاڵۆزی ناو پەرلەمان و چوونە دەرەوەی محەمەد حەلبوسی لە هۆڵی پەرلەمان، قەوارە سیاسییەکان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕێککەوتوون تەنها هەردوو وەزارەتی پەروەردە و کۆچ و کۆچبەران پەسەند بکرێت.

ئەوەش دوای ئەوە هات کە لەکاتی پەسەندکردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و کۆچ و کۆچبەران، دەستەی سەرۆکایەتی ویستی وەزارەتی ناوخۆش بخرێتە خشتەی کاری پەرلەمانەوە و ئەمڕۆ پەسەند بکرێت، بەڵام ئاڵۆزی کەوتە دانیشتنەکەوە و بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوتلە سیاسییەکان چوونە سەر ستەیچی دەستەی سەرۆکایەتی و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانیان ناچار کرد هۆڵی کۆبوونەوەکە جێبهێڵێت.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، دواتر هاوپەیمانی ئیسلاح و بنیاتنان لەگەل سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان لە نوسینگەی تایبەتی حەلبوسی کۆبوونەوە و رێکەوتن لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان تەنها هەردوو کاندیدی وەزارەتی پەروەردە و کۆچ وکۆچبەران پەسەند بکرێت.

لە ئێستادا بەهۆی کاندیدیکردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، کە کاندیدی هاوپەیمانی بنیاتنانە، ناکۆکی توند کەوتووەتە ناو ماڵی شیعەوە و هاوپەیمانی ئیسلاح ڕێگری دەکەن لەوەی ناوبراو ئەو پۆستە وەربگرێت.

پەرلەمانی عێراق بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە کە ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا

سەرۆکایەتی پەرلەمان داوایکرد کاندیدی وەزارەتی بەرگری بگۆڕدرێت دوای ئەوەی نەیتوانی دەنگ و پشتیوانی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت، هاوکات دەنگدان لەسەر کاندیدی وەزارەتی ناوخۆ دواخرا.

هەروەها دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان داوایکردووە کاندیدی پۆستی وەزارەتی داد پێشکەش بکرێت، کە تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەری ڕێکنەکەوتوون بدرێت بە کامیان.

دوێنێش عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتی ناردنی هەردوو کاندیدی وەزارەتەکانی پەروەردە و کۆچ و کۆچبەران بۆ پەرلەمان، داوای لە دەستەی سەرۆکایەتی کردبوو بابەتی وەزارەتی داد نەخرێتە ناو خشتەی کاری پەرلەمانەوە تا ئەو کاتەی ڕێککەوتن دەکرێت کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە دیاریبکرێت.

ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بودجە و پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کابینەی عادل عەبدولمەهدی دەستیپێکرد و لە کاتی دەنگدان بۆ کاندیدی وەزارەتی بەرگری، پشێوی دروستبوو.

ع.م