سەردێڕ:

ڕوسیا و هەسەدە دانوستان لەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات لە سوریا دەکەن

فۆتۆ: 
2018-12-24

2662 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە، روسیا پێشنیازی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتکردووە کە هێزی پاسەوانی سەر بە حکومەتی سوریا رەوانەی ناوچەکانی نێوان هەردوو رووباری دیجلە و فوڕات بکات لە سوریا. هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری، شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات  ئێستا لە شاری مۆسکۆی پایتەختی روسیان و لەگەڵ بەرپرسانی رووسیدا تاوتوێی ئەو پرسە و چارەنوسی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات دەکەن.

++++

لە ماڵپەڕی فرانس ٢٤ دا بڵاوکراوەتەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاندووە کە زۆر نیگەرانە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، و لە پەیامێکیدا بۆ ئەمریکا وتویەتی، هاوپەیمانێتی بە مانای ئەوەدێت کە شان بە شانی یەکتر شەڕبکەین و ئەوە گرنگترین کاربوو کە دەبوو وڵاتێکی پێشەنگ بیکردایە، هاوکات وتوشیەتی، داوا لە هەمووان دەکەم لەبیریان نەچێت کە ئێمە چەند قەرزداری هێزەکانی سوریای دیموکراتین.

++++

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز نوسیویەتی، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا دوو مانگی دیکە جێگرەوەیەک بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ئەمریکا دیاریبکرێت بەڵام بەهۆی نیگەرانییەکانی ترەمپ سەبارەت بە ناوەڕۆکی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی جەیمس ماتیس، سەرۆکی ئەمریکا زووتر ماتیس لە پۆستەکەی دووردەخاتەوە. ترەمپ لە ڕاگەیەندراوێکیدا پاتریک شاناهان جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکای بە وەکالەت بۆ شوێنی ماتیس دیاریکرد و ڕایگەیاند لە ١ی مانگی داهاتووەوە ناوبراو دەست بەکارەکانی دەکات.

++++

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری " لە پۆینت" ی فەڕەنسی ڕایگەیاندووە، تاران هەرگیز هۆشداری نەداوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و نەیوتووە ئیسرائیل لەناودەبەین، ڕاشیگەیاند، جگە لە خۆشی یەک بەرپرسی ئێرانی تا ئێستا هۆشداری هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل نەداوە بەڵام پێشتر ئیسرائیل هۆشداری لەوشێوەیەی بەرامبەر بە ئێران داوە .