سەردێڕ:

سەرژمێری گشتی لە عێراقدا دەکرێت

لە ٢٠٢٠ دا
فۆتۆ: 
2018-12-24

956 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ سەرژمێر دانیشتوان و ھەرێمیش دەگرێتەوە، لە ھەنگاوی یەکەمیشدا چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە لەگەڵ دەستەی ئامار و وەزارەتی پلاندانانی ھەرێم، شاندیکی ھەرێمیش سەردانی بەغدای کردووە لەسەر ئەو پرسە.

حکومەتی عێراقی بریاری داوە سەرژمێررییەکە، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بەڕێوەبچێت و ماوەی مانگێکیش بەردەوام بێت، بۆئەوەی کارەکان بە باشی بەڕێوەبچن لە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتوانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری وڵاتانیش ھاوکاری عێراق دەکەن.

بەپێی ئەوەی تائێستا لە کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی حکومەتی عیراق و ھەرێم باسکراوە، سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق، بە شێوەی ئەلکترۆنی دەبێت و ئەو وڵاتەشی کە سوودیان لێوەرگرتووە بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێرییەکە وڵاتی میسرە، کە لە پرۆسەکەدا سەرەکەوتوو بووە.

وەزارەتی تەندرووستی ھەرێم دەڵێت، ڕووپێویییەکانی خۆیان کە ئیستا کاری تێدادەکەن بەشێکە لە کاری سەرژمێریی و ھاوکاریی سەرژمێرییەکەی عێراقیش دەکەن .

ئامادەکارییەکانی ھەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئامارەوە دەکرێن و دەبێت لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ ەوە کارەکانیان بە کۆتایی بگات، بۆئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستبکەن بە سەرژمێرییەکەیان.

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی ڕەگەز نامەی ھەرێم دەڵێت، تەواوبوونی پرۆسەی کارتی نیشتیمانی ھاوکارێکی باش دەبێت بۆ سەرژمێری دانیشتوان، بۆیە پێوەیستە لەپێشدا ئەو پرۆسەیە تەواو ببێت.

لە ساڵی ١٩٩٧ دا کۆتا سەرژمێری دانیشتوانی عێراق لەلایەن ڕێکخراوی خۆراکی جیھانییەوە ئەنجامدرا، ھەرچەندە کەمکوڕی زۆریشی تێدابوو، ھەرچەندە بڕیاربوو ساڵی ٢٠٠٧ سەرژمێری بکرێتەوە، بەڵام بەھۆی نالەباری بارودۆخی سیاسیی و کەوتنە سەرپێی حکومەت دوای ڕژێمی بەعس، سەرژمێرییەکە نەکرا و ئێستاش بڕیارە ساڵی ٢٠٢٠ سەرژمێریی دانیشتوان بکرێت، سەرەتای ئەم مانگەش وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی دانیشتوان گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٨ ملیۆن کەس.