سەردێڕ:

بۆ تەواوکردنی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی دوو کاندیدی نوێی پێشکەش پەرلەمان کرد

کاندیدانی وەزارەتەکانی داد و بەرگری و ناوخۆ ماون
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-23

6215 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوو کاندیدی بۆ پۆستی هەریەکە لە وەزارەتەکانی پەروەردە و کۆچ و کۆچبەران پێشکەشی پەرلەمان کرد، بە مەبەستی پەسەندی لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا.

بە گوێرەی نوسراوێک کە لە نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، بە مەبەستی تەواوکردنی کابینەی حکومەتی نوێی عێراق هەریەکە لە شەیما خەلیل عەبدوڵا حەیالی بۆ پۆستی وەزارەتی پەروەردە و نەوفل بەهاء موسا بۆ پۆستی کۆچ و کۆچبەران کاندید کراون.

لە نوسراوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق داواشی لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە، بابەتی کاندید بۆ پۆستی وەزارەتی داد دوابخات بەهۆی بوونی گفتوگۆ بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە بوونی دەنگی پێویست بۆ کاندیدی پێشوو یاخود پێشکەشکردنی کاندیدێکی تر.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو پەرلەمان عێراق متمانەی بەخشییە هەر سێ کاندیدی وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵا و پلان دانان.

لە ئێستاشدا هیچ دەنگوباسێک نییە لەسەر کاندیدانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و داد بۆ ئەوەی کابینەی حکومەت بە تەواو پێکبهێنرێت.

کاندیدی وەزارەتی پەروەردە ناوی تەواوەتی شەیما خەلیل عەبدوڵا حەیالییە و لە دایک بووی ساڵی ١٩٧٥، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری ئەندازیاری بۆماوەیی.

کاندیدی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ناوی تەواوەتی نەوفل بەها موسایە و لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٠، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریسە لە بواری ئابوری.

هەردوو کاندیدەکە لە دایکبووی شاری موسڵن و کاندیدی پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران مەسیحییە.

ع.م