سەردێڕ:

ڕاستیی ئەم وێنەیە ئاشکرا بوو

راستیی ئەم وێنەیە ئاشکرابوو
فۆتۆ: 
2018-12-23

60335 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە، کە دوو کەس بە جلوبەرگی بابانوئێلەوە لە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلێکی سەربازیدا لەگەڵ سێ چەکدار دەردەکەون، وابڵاوکرایەوە کە ئەو دوو کەسە بە جلوبەرگی بابانوئێلەوە دزییان کردووە و لە سلێمانی دەستگیرکراون.

وێنەکە تەنیا لەنێو بەکارهێنەرە کوردەکان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبووە جێی باس، بەڵکو لەناو هاوڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیشدا وابڵاوبوویەوە کە بابانوئێل لەشاری نەجەف دەستگیرکراوە.

پاش بڵاوبوونەوەی وێنەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، راگەیاندنکاران و میدیا عەرەبییە عێراقییەکان و دەزگا ئەمنییەکان لە عێراق روونکردنەوەیان لەسەر رووداوەکە بڵاوکردەوە.

پۆلیسی کەربەلا لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەو هەواڵە راست نییە کە ئەوان بابانوئێلیان دەستگیرکردبێت و هەواڵەکە دروستکراوە، ئەوان بەدواداچوونیان کردووە کە لە پارێزگایەکی تری عێراق بووە.

راستیی چیرۆکی وێنەکە:

وێنەکە لە قەزای حەمدانییە لە موسڵ گیراوە، هێزەکانی سەر بە فەوجی ١٣ی حەشدی شەعبی مەسیحی بوون، لەوکاتەدا ئەرکیان یارمەتیدانی گروپێک لەو گەنجانە بووە کە پۆشاکی بابانوئێلیان لەبەرکردووە تا ژمارەیەک خەڵات بەسەر منداڵاندا دابەشبکەن، ئەم گروپە چەکدارەش بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەوان و هاوکاریکردنیان دانراون.