سەردێڕ:

تۆمەتبارانی ناو داعش کە لەهەرێم دەستبەسەربوون مەترسی دەستگیرکردنەوەیان لەسەرە

هیومان رایتس وۆچ: ئەو کەسانەی بەتۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە لە زیندانەکانی هەرێمدا بوون مەترسی دەستگیرکردنەوەیان لەسەرە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-12-23

988 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرتێکیدا ڕایگه‌یاند، ئه‌و مێرمنداڵه‌ عه‌ره‌به‌ سوونانه‌ی له‌ زیندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا بوون به‌تۆمه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ ڕێکخراوی داعشەوە دووچاری مه‌ترسی دووباره‌ ده‌ستگیركردنه‌وه‌ ده‌بن له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو خێزانه‌كانیان له‌و ناوچانه‌ی له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی به‌غدایه‌‌. هۆكاری كێشه‌كەش‌ نه‌بوونی هەماهەنگییە له‌ نێوان سیستمی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقدا. ڕێکخراوەکە دەڵێت لە ئێستادا، ئه‌م بارودۆخه‌ ته‌نها كاریگه‌ری له‌سه‌ر ٢٤ مێرمنداڵ هه‌بووه‌ به‌ڵام، لە داهاتوودا دەیان کەسی دیکەی ئازادکراو لە زیندانەکانی هەرێم رووبەڕووی دەستگیرکردنەوە دەبن.

+++++

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی برێت مەکگۆرک نێردەی پێشووی سەرۆکی ئەمریکای بۆ شەڕی دژ بە داعش بڵاوکردووەتەوە، کە رایگەیاندووە، شتێکی بێباکانەیە ئەگەر بوترێت ڕێکخراوی داعش شکستی هێناوە هەروەک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە بەردەوامی جەختی لێدەکاتەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکا بووە. وتوشیەتی، بەهۆی بڕیارەکەوە وڵاتانی هاوپەیمانان توشی سەرلێشێوان بوون و هێزەکانی ناوخۆییەکانی سوریاش کە هاوپەیمانی ئەمریکان سەریانسوڕماوە.

+++

لە ماڵپەڕی بی بی سیدا بڵاوکراوەتەوە، حاڵەتی تسونامی لە هەردوو دوورگەی جانا و سوماترای سەر بە وڵاتی ئیندۆنیسیا روویداوە و بەهۆیەوە ١٦٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات سەدان ماڵ و باڵەخانە بە سەختی زیانیان بەرکەوتووە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش هاوڵاتیان و گەشتیارانیان ئاگادارکردووەتەوە تا ٢٥ ی ئەم مانگە لە ناوچە کەناراوەکان و ئەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە دووربکەونەوە.

++++

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری حکومەتی لیبیاوە بڵاویکردووە، هێزەکانی وڵاتەکە لە نزیک بەندەری تەرابلوس دەستیان بەسەر کاروانێکی چەکدا گرتووە کە لە وڵاتی تورکیاوە بە بۆ لیبیا گواستراوەتەوە، حکومەتی تورکیاش ئیدانەی ئەو کارەی کردووە، بە گوێرەی ئاژانسەکە، هەردوو وڵاتی لیبیا و تورکیا ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەوبارەیەوە.

+++

لە ماڵپەڕی روسیا تودەیدا ئاماژە بەوەدەکرێت، وڵاتی ئیسپانیا پێشوازی لە ٣١٠ کۆچبەری نایاسایی کرد کە لە ئاوی هاوبەشی وڵاتانی ماڵتا و ئیتاڵیا لەلایەن ڕێکخراوێکی ناحکومییەوە رزگارکرابوون، ئەوەش دوای ئەوەی هەردوو وڵاتی ماڵتا و ئیتاڵیا ڕێگریانکرد لە هاتنەناوەوەی ئەو کۆچبەرانە بۆ خاکی وڵاتەکانیان. بەرپرسانی ئیسپانیا ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای ئەوەی ئەو دوو وڵاتە رەتیانکردەوە کۆچبەرەکان بگرنە خۆیان، ئەو رێکخراوەی کۆچبەرەکانی رزگارکردبوو داوای لە وڵاتانی لیبیا و فەڕەنسا و تونس کردبوو کۆچبەرەکان بگرنە خۆیان بەڵام داواکانی رەتکراوەتەوە.

ش.ق