سەردێڕ:

ئەمریکا کەشتییەکی جەنگیی رەوانەی کەنداوی فارس کرد

سوپای پاسداران چاودێری کەشتییەکە دەکات
ئەمریکا کەشتییەکی جەنگیی رەوانەی کەنداوی فارس کرد
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2018-12-23

5032 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا کەشتی فڕۆکەهەڵگری (یو ئێس ئێس جۆن سی ستێنیس)ی رەوانەی کەنداوی فارس کرد و هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیش چاودێری کەشتییە جەنگییەکە دەکەن.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا کەشتیی یو ئێس ئێس جۆن سی ستێنیس (USS John C. Stennis)ی ئەمریکا چووەتە ناو سنورەکانی کەنداوی فارس و دواتر چەند بەلەمێکی سوپای پاسداران لە نزیکەوە چاودێری کەشتییەکەیان کردووە.

ماوەی چەند رۆژێکە سوپای پاسداران خەریکی ئەنجامدانی مانۆڕێکی سەربازییە لە کەنداوی فارس کە بە بەشداری هێزەکانی پارێزگاکانی تاران و فارس و کرمان بەرێوەدەچێت.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتێد پرێس بڵاویکردووەتەوە، لە کاتی چوونی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکەی ئەمریکا بۆ ناو کەنداوی فارس، بەلەمەکانی سوپای پاسداران بە دوای ئەو کەشتییەدا رۆیشتوون، هەروەک چەندین موشەکیان لە چەند مەتریی کەشتییەکە تاقیکردووەتەوە.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، ئەمە بۆ یەکەمجارە ئەمریکا کەشتییەکی جەنگیی رەوانەی کەنداوی فارس دەکات.

ش.ق