سەردێڕ:

بەهۆى شەڕ و ئاڵۆزییەوە یەکێتى تۆپی پێ خولەکانى ڕاگرت

فۆتۆ: 
2018-12-22

853 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی نێو یاریگاكانی كوردستانەوە، یەكێتی تۆپی پێی كوردستان خولەكانی تۆپی پێی بۆ ماوەی هەفتەیەك ڕاگرت و جێگری سەرۆكی یەكێتیەكەش دەڵێت، هەفتەی داهاتوو بانگێشتی نوێنەری سەرجەم یانەكان دەكرێت بۆ ئەوەی رێگا لە دووبارە بوونەوەی ئەو ڕووداوانە بگیرێت و لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆشدا گفتوگۆدەکەن، بۆئەوەی هێزە ئەمنییەكان لە نێو یاریگاكان توندوتۆلتربكرێن بۆ پاراستنی یاریزانان و هاندەران .

هادی كەریم، جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەلێت، لیژنەیەکیان دروستکردووە بۆ یارى نێوان ئارارات و پێشمەرگە بۆ ئەوەى تاوانبارانى ڕووداوەکە بدۆزرێنەوە و بە سزاى خۆیان بگەن.

لە ماوەی هەفتەیەكدا دووجار شەڕو ئاڵۆزیی لە خولەكانی كوردستاندا ڕویانداوە و لە دوای یاری نێوان یانەکانی رزگاری و خانەقین، لەلایەن ژمارەیەك لە هاندەرانەوە هێرش كرایە سەر یاریزانانی و پاسی یانەی خانەقین، كە بە هۆیەوە دوو یاریزان برینداربوون، هەروەها لە یاری نێوان ئارارات و پێشمەرگەی هەولێردا لە دوای یارییەكە چەند شەرو ئالۆزی دروست بوو، كە بە هۆیەوە چەند یاریزانێك برینداربوون.

وەلید ئەنوەر، سكرتێری یانەی ئارارات ئاماژەی بەوەکرد بەهازاران جەماوەر هەیە و ناتوانن بەهێز ڕێگربن لە هاتنەناوەوەى جەماوەر بۆ ناو یاریگاکە.

سامان تەها، سكرتێری یانەی رزگاریش دەڵێت پاراستنى یاریگاکان لە ئەستۆى هێزە ئەمنییەکانە و ئەوان کەمتەرخەمن.

ڕووداوی شەڕ و ئالۆزی لە یاریگاكانی كوردستان خەریكە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە، چونكە لە سێ هەفتەی پێشتردا، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان بەشێك لە هاندەرانی دهۆك و زاخۆ لە نێو یاریگادا زیاتر لە ١٢ هاندەر برینداربوون.

ئ.ر