سەردێڕ:

لە سێ ساڵدا ٣٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەى هەرێم کراون

فۆتۆ: 
2018-12-22

1845 جار خوێندراوەتەوە

هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە قەیرانی داراییدا تێپەڕی، بەڵام لەو ماوەیەدا ٣٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لە خاڵە سنوورییەکانەوە هێنراونەتە شارەکانی هەرێم.

ئەو ئۆتۆمبیلانە بەشێکیان بەکارنەهاتوون و هەندێکیشیان ئەو ئۆتۆمبێلانەن کە پێکدادانێکی کەمیان هەیە و لە وڵاتانی عەرەبی چاککراونەتەوە و هێنراونەتە بازاڕەکانی هەرێم.

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم دەڵێت، هێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانە داهاتێکی باشی هەیە بۆ حکومەت و، ساڵانە ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لەڕێگەى هەرسێ دەروازەى ئیبراهیم خەلیل و حاجى ئۆمەران و باشماخەوە هاوردە دەکرێت.

بەشی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەی دێنە هەرێم، ئۆتۆمبێلی تایبەتن و لە خاڵە سنوورییەکاندا پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەوکات ڕەزامەندی دەدرێت بێنە ناو خاکی هەرێم.

ئەسعەد مەلا کەریم  بەڕێوەبەری پلاندانانی هاتوچۆی هەرێم دەڵێت، قەیرانی دارایی کاریگەریی نەکردووەتە سەر کەمبوونەوەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و لە ماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە ٢٢٠ هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، هێنانى ئۆتۆمبێلیش بە چەند مەرجێک دەبێت.

بۆ هێنانە ناوەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک لە خاڵە سنوورییەکانەوە بەپێی مۆدێلەکانیان، بڕی گومرگیان لێ وەردەگیرێت، بۆ نمونە هەر ئۆتۆمبێلێکی مۆدیل ٢٠١٧ بێتە هەرێمەوە دوو هەزار و ٧٠٠ دۆلار و، ٢٠١٨ دوو هەزار و ٨٠٠ دۆلار و ٢٠١٩ سێ هەزار دۆلاری لێ وەردەگیرێت.

 هاوکات تا ١ى تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم، یەک ملێۆن و ٥٦٨ هەزار و ٤٨٨ ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، ئەمە جگە لە ئۆتۆمبێلەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە؛ لە ئێستاشدا بە هەزاران ئۆتۆمبێلی دیکە لە کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلدان و مامەڵەی تۆمارکردنیان بۆ نەکراوە.

ئ.ر

‌بەپەلە