سەردێڕ:

ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاریدا بە بڵاوکردنەوەی چاودێری نێودەوڵەتی لە یەمەن

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کاتی دەنگدان لەسەر پڕۆژە بڕیارەکەی تایبەت بە یەمەن
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
2018-12-21

722 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ هەینی (٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) بە کۆی دەنگ پڕۆژە بڕیارێکی ئەمریکی - بەریتانی پەسەندکرد، کە داوای بڵاوکردنەوەی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست لە پارێزگای حودەیدەی خۆرئاوای یەمەن.

کارین پێرس نوێنەری بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بڕیارەکە پشتی بەستووە بە گفتوگۆکانی سوید کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان شاندی حکومەتی یەمەن و دەسەڵاتدارانی حوسییەکان ئیمزا کرا.

نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش ڕایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی حودەیدە دەکەن بۆئەوەی بزانرێت ڕێز لە ئاگربەستەکە دەگیرێت.

هاوکات نوێنەری ئەمریکا جەختیکردەوە، ئێران پشتیوانی حوسییەکان دەکات و چەکیان بۆ دابیندەکات.

پڕۆژە ڕێککەوتنەکەی سوید جەختدەکاتەوە لەوەی، قەیرانی یەمەن لەڕێگەی پرۆسەیەکی سیاسی هەمەلایەنەوە نەبێت چارەسەر ناکرێت.

بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، مارتن گریفیس نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن داوایکرد، پەلە بکرێت لە بڵاوکردنەوەی چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک دروستکردنی بنەمایەک بۆ متمانە دروستکردن تا بتوانرێت ئاگربەستی نێوان حکومەتی یەمەن و دەسەڵاتی حوسییەکان جێبەجێ بکرێت.

هەر بە گوێرەی پڕۆژە بڕیارەکە، لایەنە ناکۆکەکان هاندەدات بۆ کارکردنی بەردەوام لەپێناو کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەخت بۆئەوەی بگەنە ڕێککەوتنی ئابوری، بەتایبەت دابینکردنی موچەی کەرتی گشتی.

ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە بە چاودێری حکومەتی سوید لە ستۆکهۆڵمی پایتەخی ئەو وڵاتە حکومەتی یەمەن و  حوسییەکان ڕێککەوتنێکیان ئیمزاکرد، بە مەبەستی کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەستێک لە یەمەن و گفتوگۆکردن بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، کە چەند ساڵێکە درێژەی هەیە.

ع.م