سەردێڕ:

وەزیرى بەرگریی ئەمریکا دەستیلەکارکێشایەوە

جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-12-21

1557 جار خوێندراوەتەوە

سیاسەت و مامەڵە و بڕیارەکانى دۆناڵد ترەمپ لە ماوەى کەمتر لە دوو ساڵى سەرۆکایەتییدا وایکردووە دوو وەزیر و چەندین گەورە بەرپرسى ئەو وڵاتە دەستلەکاربکێشنەوە.

ڕۆژی پێنج شەممە (٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) جەیمس ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد و ترەمپیش نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەندکرد و ڕایگەیاند، ناوبراو هەتا مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت و دواتر خانەنشین دەبێت.

ماتیس لە نامەکەیدا وەڵامی نوسینێکی ترەمپی داوەتەوە، کە تیایدا وتبووی ناکرێت ئەمریکا ببێتە پـۆلیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ماتیس دەڵێت، ئەویش وەکو ترەمپ لە سەرەتاوە وتوویەتى هێزەکانی ئەمریکا نابێت ببنە پـۆلیسی جیهان.

لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی جەیمس ماتیس وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ جەیمس ماتیس سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەکەی ئەنجامنەداوە، لە داهاتوویەکی نزیکیشدا کەسێکی دیکە لە پۆستی وەزیری بەرگریی دەستبەکاردەبێت.

ترەمپ ئەوەشی نوسیووە، جەیمس ماتیس لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا یارمەتییەکی زۆری داوە و ئەزموونی باڵای لێ وەرگرتووە.

جەیمس ماتیس لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای نەکردووە لە سوریا، بەڵام ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی نوسیوویەتی، ماتیس دەستلەکاردەکێشێتەوە بەهۆی ئەو ناڕەزاییەی کە هەیەتی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا.

بەپێی ڕۆژنامەکە، ماتیس لەگەڵ نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا چووە بۆ کۆشکی سپی و دوایین هەوڵی داوە ترەمپ لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا پاشگەز ببێتەوە، بەڵام هەوڵەکەی شکستیهێناوە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ پنتاگۆن و ٥٠ کۆپیی لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بە بەرپرسانی پنتاگۆن بەخشیوە.

نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ماتیس، کاردانەوەى لێکەوتەوە و ویلیام کۆهن وەزیری پێشووی بەرگری ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ بی بی سی، دەستلەکارکێشانەوەی ماتیسی بە زیانێکى گەورە لە ئەمریکا ناوبرد و هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ سیاسەتەکانی ترەمپ، ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری بەرگریی باجی سیاسەتە چەوتەکانى ترەمپى دا.

لای خۆشیەوە ماتیس مارکۆ ڕۆبیۆ سیناتۆری کۆمارییەکان دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە زەنگێکی ترسناک لە سیاسەتەکانی ترەمپ ناوبرد و ڕایگەیاند، پێویستە ترەمپ گۆڕانکاریی له‌ هه‌ڵوێسته‌کانیدا بکات.

لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، لە ئێستادا پرسی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ئەفغانستان یەکێکی ترە لەو پرسانەی باسی لێوە دەکرێت.

لەو چوارچێوەیەشدا  ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاند، بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا هەنگاوێکى دروستە، بەڵام ١٧ ساڵە ئەمریکا دەڵێت، هێزەکانى خۆى لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە.

میدیاکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، بەرپرسانی کۆشکی سپی داوایان لە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیان کردووە، نزیکەی نیوەی هێزەکانی وڵاتەکەیان لە ئەفغانستان بکێشێتەوە و وا بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا ئەو بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەفتەی ڕابردووش زاڵمای خەلیلزادە نوێنەری ئەمریکا لە ئەفغانستان لەگەڵ نوێنەری چەکدارانی تاڵیبان لە ئیمارات کۆبووەوە و ڕایگەیاند، لە ساڵی داهاتوودا ئەمریکا بە جدی تاوتوێی کشانەوەی هێزەکانی لەو وڵاتە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا نزیکەی ١٤هەزار سەربازی ئەمریکی لە ئەفغانستانن، زیاتر لە دوو هەزار و ٤٠٠ سەربازی ئەمریکى لە ماوەی حەڤدە ساڵى شەڕى ئەفغانستاندا کوژراون.

ع.ا