سەردێڕ:

​شاجوانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨ هەڵبژێردرا

سانا محمود
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2018-12-21

160945 جار خوێندراوەتەوە

مەراسیمی هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان لە هەولێر بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و کەسایەتییە دیارەکانی کوردستان و دەرەوە هەڵبژێردرا لەنێوان ١٤ کاندید دا  "سانا" توانی نازناوەکەی بەدەستبهێنێت.

ئەمشەو لە مەراسیمێکی تایبەتدا و بە بەشداری ١٤ کاندیدی کچ لە شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە بەشدارییان لە هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستاندا کردبوو تێیدا خاتو "سانا" توانی نازناوەکە بەدەستبهێنێت و تاجی شاجوانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٨ لەسەر بکات، "کارێز" وەکو یاوەری یەکەم و "میریان" وەکو یاوەری دووەم هەڵبژێردران.

لە سەرەتایی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان ١٠٧ کەس فۆڕمی بەشداریکردنیان پڕکردبووەوە، لەو ژمارەیەش ٨١ کەسیان چاوپێکەوتنیان کردبوو، لە کۆتاییدا ١٤کەس مابوونەوە کە کێبڕکێیان دەکرد بۆ بوون بەشاجوان.

لیژنەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان لە ١٠کەسی پسپۆڕی جیاجیا و کەسایەتی و هونەرمەند لە کورد و بیانی پێکهاتبوون، جگە لە ڕای لیژنەکە، خەڵکیش لەڕێی گروپێکی تایبەت لە ڤایبەرەوە دەنگیان بە کاندیدەکانداوە.

 

مەراسیمی هەڵبژاردنی چوارەمین شاجوانی کوردستان، ئەمشەو (٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) کاتژمێر هەشتی شەو لە هۆڵی بابیلۆن لە هەولێر بەڕێوەچوو.

تا ئێستا سێجار هەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، شێنێ عه‌زیز ئاكۆ، له‌ ساڵی ٢٠١٢ بووه‌ یه‌كه‌مین شاجوانی كوردستان، لەساڵی ٢٠١٣ فێنك محه‌مه‌د وەک دووه‌مین شاجوانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا، لەساڵی ٢٠١٦ ژالیا سیروان وەک سێیەمین‌ شاجوانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا.