سەردێڕ:

​وەزیری بەرگری ئەمریکا دەستیلەکارکێشایەوە

لە دوای کشانەوەى ئەمریکا لە سوریا
جێمیس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2018-12-21

7734 جار خوێندراوەتەوە

جێمیس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا لەبەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد.

جێمیس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا لە نامەکەیدا کە ئێوارەی پـێنجشەممە بڵاویکردەوە، نووسیویەتی "جێی شانازیـمە وەک ٢٦هەمین وەزیری بەرگری ئەمەریکا کارم کردووە، ئەمەش بواری پـێدابووم لە پاڵ پـیاوان و ژنانی وەزارەتی بەرگری کاربکەم بۆ بەرگریکردن لە هاوڵاتیانمان و بەها باڵاکانمان."

دەشڵێت یەکێک لە بنەما سەرەکیـیەکانی ئەو بڕوای پـێی هەبووە، بەهێزی ئەمەریکا لەو پەیوەندیـیە پـتەوەکانیدایە لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی، بۆیە ناکرێت ئەمەریکا بەرژەوەندیـیەکانی بپارێزیت بەبێ بەردەوامبوون لە هاوپەیمانێتیەکانی و ڕێزگرتن لێـیان.

پاشان وەڵامی نووسینێکی ترەمپ دەداتەوە کە تیایدا گوتبووی ناکرێت ئەمەریکا ببێتە پـۆلیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێم ماتیس دەڵێت "منیش وەکو تۆ لە سەرەتاوە گوتومە هێزەکانی ئەمەریکا نابێت ببنە پـۆلیسی جیهان.

لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی جێمیس ماتیس وەزیری بەرگری وڵاتەکەی پشتڕاستکردووە ڕاگەیاند،  ماتیس هەتا شوباتی ساڵی داهاتوو لە پۆستەکەی بەردەوامدەبێت و دواتر خانەنشین دەبێت.

ئەوەشی ڕاگەیاند، هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ جێمس ماتیس سەبارەت بەدەستلەکارکێشانەوەکەی ئەنجام نەداوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا کەسێکی تر لە پۆستی وەزیری بەرگری دەستبەکاردەبێت.

 ترەمپ ئەوەشی نووسیووە، جێمیس ماتیس لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا یارمەتیەکی زۆریداوە و ئەزموونی باڵای لێوەرگرتووە.

دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری بەرگری ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا هەر چەندە جێمیس ماتیس لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای نەکردووە لەسوریا بەڵام بەشێک لە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ناوبراو لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ ناڕازیی بووە.