سەردێڕ:

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە دەکرێت

پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-20

851 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، بەغدا، ئومێد محەمەد

وابڕیارە کاتژمێری ١ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات و لە دانیشتنەکەشدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجە دەکرێت.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەگەرچی لە خشتەی کاریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە پێشتر بڵاوکراوەتەوە، پرسی بودجەی تێدانییە بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە چەند کاتژمێری رابردوودا پەرلەمان ناچاربووە ئەو پرسە زیاد بکات و لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ بودجە دەکات.

ئەحمەد حاجی رەشید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ و ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەوی رابردوو ئاگادارکراوەتەوە لەوی کە ئەمڕۆ پڕۆژە یاسای بودجە دەهێنرێتە پەرلەمان و تا ئیستاش دیار نییە کە عادل عەبدولمەهدی چ گۆڕانکارییەکی لە پرۆژە یاساکەدا کردووە.

بەپێی راگەیەنراوێکی پێشووی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، دانیشتنی ئەمڕۆ تایبەت دەبێت بە سوێندخواردنی هەریەکە لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار و وەزیری پلاندانان.

هەروەک لە دانیشتنەکەدا سەیری ئەو تانانە دەکرێت سەبارەت بە ڕاستی ئەندامیەتی هەندێک لە پەرلەمانتاران کە پێشکەش کراوە.

هەر لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بڕیارە پەرلەمانی عێراق دەنگدان تەواو بکات لەسەر هەمواری پەیڕوی ناوخۆیی پەرلەمان و خستنەرووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆ بە ئامادەبوونی وەزیری کارەبا بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە بەرنامەی وەزارەتەکە بۆ ساڵی ٢٠١٩.

ش.ق