سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی سبەینێی خۆی ئاشکرا کرد

تا ئێستا کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی تەواو نەبووە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-19

1828 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە سبەینێ پینجشەممە (٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و وەک لە ڕاگەیەندراوێکدا بە هیچ شێوەیەک باسی تەواوکردنی کابینەی حکومەتی نوێی تێدا نییە.

لە بەیاننامەیەکدا فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، کارنامەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە سوێندخواردنی هەریەکە لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ڕۆژشبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار و وەزیری پلاندانان.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە هەر لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەماندا سەیری ئەو تانانە دەکرێت سەبارەت بە ڕاستی ئەندامیەتی هەندێک لە پەرلەمانتاران کە پێشکەش کراوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پەرلەمان دەنگدان تەواو دەکات لەسەر هەمواری پەیڕوی ناوخۆیی پەرلەمان و خستنەرووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆ بە ئامادەبوونی وەزیری کارەبا بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە بەرنامەی وەزارەتەکە بۆ ساڵی ٢٠١٩.

ئەوەی جێگەی سەرنجە راگەیەندراوەکەی پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بە تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی نەکردووە، کە دوێنێ سێ وەزیری نوێی کابینەکە دەنگیان لەسەر دراو پەسەند کران، تا ئێستاش ٥  وەزیر ماوە کاندید بکرێن.

ع.م