سەردێڕ:

قەیس خەزعەلی هەڵوێستی خۆی لەسەر کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا ڕاگەیاند

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-19

48709 جار خوێندراوەتەوە

قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ڕاگەیاند و پێی وایە ئەو بڕیارە هۆکاری تری لە پشتەوەیە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش بڕیارەکە بە خەنجەر وەشاندن لە پشتەوە لە قەڵەم دەدەن.

 خەزعەلی لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەمڕۆ چوارشەممە (١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) ڕایگەیاند، ترەمپ دەڵێت داعشیان لە سوریا تێکشکاند، ئەوەش تاکە هۆکاری مانەوەیان بووە لە سوریا لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی.

خەزعەلی بە ترەمپی وتووە "ئایا تێکشکاندنی داعش لە عێراق تەواو نەبووە، ئەی بۆچی هێزەکانت ناکشێنیتەوە، یاخود هۆکارێکی دیکە هەیە بۆ مانەوەی هێزەکانت".

ئەو هەڵوێستەی قەیس خەزعەلی لە کاتێکدایە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی ٦٠ بۆ ١٠٠ ڕۆژ ئەنجام دەدرێت، بەڵام سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرەوە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دەکشێنرێنەوە.

لە لایەکی ترەوە هێزەکانى سوریای دیموکرات ڕایگەیاندووە، بڕیاری لە ناکاوی ئەمریکا سەبارەت بە کشانەوەى لەسەرجەم ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات وەک خەنجەر لێدانیانە لە پشتەوە.

ڕوانگەى سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ لەچەند سەرچاوەیەکی ناو هەسەدەوە بڵاویکردەوە، بڕیارەکەى ئەمریکا نیگەرانی کردوون و  ناپاکییە بەرامبەر خوێنی  هەموو ئەو شەهیدانەی کە لەشەڕی داعشدا لەو ناوچانەدا شەهیدبوون.

ئەوەشیان وتووە، بڕیارەکەش لەلایەن بەرپرسانى ئەمریکا بە فەرماندە باڵاکانى هەسەدە وتراوە کە لە ماوەی داهاتوودا ئەمریکا دەکشێتەوە.

ئەمەش لەدوای ئەوە هات ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری چەند لێپرسراوێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا پلانی داناوە بۆ کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی خۆی لە ناوخۆیی سوریا.

ع.م