سەردێڕ:

حکومەتی عێراق کار لەسەر هاوتاکردنی خزمەتی فەرمانبەرانی گرێبەست دەکات ​وەک فەرمانبەری ئاسایی

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-19

2550 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا گفتوگۆی کرد لەسەر  یەکسانکردنی خزمەتی فەرمانبەر و کرێکارانی گرێبەست و کرێی ڕۆژانە لەگەڵ فەرمانبەرانی ئاسایی و وەرگرتنی هەموو ئەو دەستکەوت و ئیمتیازاتانەی کە فەرمانبەری دەوڵەت بە وەریدەگرێت.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە (١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی کردووە لەسەر یەکسانکردنی خزمەتی فەرمانبەر و کرێکاری کرێی ڕۆژانە وەک فەرمانبەری دەوڵەوت، هەروەها وەرگرتنی هەموو ئەو دەستکەوت و ئیمتیازاتانەی کە فەرمانبەرێکی ئاسایی وەریدەگرێت، وەک قەرزی خانووبەرە و ئیفاد و خانەنشینی.

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە لە دامەزراندنیش فەرمانبەران و کرێکارانی گرێبەست لە پێشترن بە گوێرە پێویستی و پسپۆڕییان، هەروەها حسابکردنی خزمەتەکەیان بۆ پلەبەرزکردنەوە و خانەنشیکردنیش بەگوێرەی یاسا پەیڕەوکراوەکانی تایبەت بە فەرمانبەران.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا نوسینگەی عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆک وەزیران ئەو بابەتەی بۆ گفتوگۆ لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا خستووتە ڕوو، داواشیکردووە ئەو بابەتە گەشەی پێبدرێت و سەرجەم لایەنە یاساییەکانی تەواو بکرێت بە ئامانجی خزمەتکردنی ئەو بەشە بەرهەمهێنەی کۆمەڵگە و دڵنیایش بە ڕۆڵەکانیان بدرێت  لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی ژیان و گوزەرانیان.

لە ئێستادا لە زۆربەی وەزارەت و فەرمانگەکانی دەوڵەتدا فەرمانبەر و کرێکاری گرێبەست هەیە و بەردەوام چاویان لەوە کە ڕۆژێک بە فەرمی دابمەزرێن و خزمەتەکانیان بۆ حساب بکرێت، وەک هەر فەرمابەرێکی ئاسایی دەوڵەت.

ع.م