سەردێڕ:

عەبدولمەهدی: پێنجشەممەی داهاتوو کابینەی حکومەت تەواو دەبێت

عادل عەبدولمەهدی وتی کابینەی حکومەتەکەی کەمتر حزبیە لەوانی پێشتر
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-18

1596 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، پێنجشەممەی داهاتوو کابینەی حکومەتەکەی تەواو دەبێت و متمانە دەدرێت بەو وەزیرانەی کە ماوە.

عەبدولمەهدی لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا، ئەمڕۆ سێشەممە (١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) ڕایگەیاند، لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتووی پەرلەماندا، کابینەی حکومەتەکەی تەواو دەبێت و، پەرلەمان متمانە دەدات بەو وەزارەتانەی کە ماوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر لەلایەن قەوارە سیاسییەکانەوە سەرپشکبکرێت بۆ پێشکەشکردنی ناوی نوێ بۆ دەستبەکاربوون لەو پۆستە وەزارییانەی کە ماوە، ئەوا ئەو ئەرکە لەئەستۆ دەگرێت.

عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەش کرد، کابینەی حکومەتی ئێستا کەمتر حزبییە لەوانەی پێشتر.

جەختیشیکردەوە، کێشەکانی عێراق گەورەن و بە چەند ڕۆژ و چەند هەفتەیەک کۆتاییان نایەت.

پەرلەمان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆیدا دەنگیدا لەسەر دیاریکردنی نوری ناتق وەک وەزیری پلاندانان و عەلی عەبدولئەمیر وەک وەزیری ڕۆشنبیری و قوسەى سوهەیل وەک وەزیری خوێندنی باڵا.

لە ئێستاشدا پێنج وەزارەت ماوە پڕبکرێنەوە و لە دیارترینیان ناوخۆ و بەرگرییە.

ع.م