سەردێڕ:

متمانە بە سێ کاندیدی دیکەی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی درا

پەرلەمانی عێراق متمانەی بە سێ کاندیدی کابینەکەی عەبدولمەهدی دا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-12-18

1611 جار خوێندراوەتەوە

پاش چەندین گەڕ لە دانوستانى نهێنى و ئاشکرا، پەرلەمانى عێراق نەیتوانى بە تەواوى متمانە بە کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى بدات و لە کۆى هەشت وەزارەتى بەتاڵ تەنها سیانی یەکلاییکردەوە.

ئەو سێ وەزیرەى متمانەیان وەرگرت بریتین لە قوسەى سوهەیل بۆ خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کە لە پشکى دەوڵەتى یاساى نورى مالیکییە. ناوبراو لە خولى پێشوترى پەرلەماندا جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران بووە لە پشکى موقتەدا سەدر و بەهۆى جیابوونەوە و پەیوەندیکردنیشی بە مالیکى ڕکابەری سەدرەوە لیستى سائیرون لە گەڕى یەکەمى دەنگدان لەسەر حکومەت نەیانهێشت متمانە وەربگرێت.

هەر لە دانیشتنى ئەمڕۆدا کاندیدى بزوتنەوەى عەسایب بۆ وەزارەتى ڕۆشنبیرى عەبدولئەمیر حەمدانى، متمانەى وەرگرت، بەمەش یەکێک لە گرێکوێرەکانى پێکهێنانى کابینەی حکومەت کرایەوە، چونکە لە ماوەکانى ڕابردوودا مشتومڕێکى گەورە لەسەر وەزارەتى ڕۆشنبیرى بەڕێوەچوو، بەوپێیەى پەیوەندیدارە بە شانۆ و سینەما و هونەر و شوێنەوار، کەچى دراوە بە بزوتنەوەیەکى ڕادیکاڵى شیعى.

هەرچى وەزارەتى پلاندانانیشە درا بە کاندیدێکى حیزبى ئیسلامى کە عەلى نورى دلێمییە و پێشتریش ئەم وەزارەتە هەر پشکى لیستە سوننەکان بووە.

هاوکات لەگەڵ پەسەندکردنى ئەو سێ وەزیرەدا، کاندیدى حیزبەکەى خەمیس خەنجەر بۆ وەزارەتى پەروەردە کە دکتۆرە سەبا ئەلتاییە، لەگەڵ کاندیدێکى مەسیحى بۆ وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران بە ناوى هەنا گورگیس بەهۆى نەبوونى دەنگى پێویستەوە ڕەتکرانەوە، بەم پێیەش لە کۆى هەشت وەزارەتى بەتاڵ تەنها سێ وەزیر متمانەیان وەرگرت و سیان لە کاندیدەکانیش هەر نەخرانە دەنگدانەوە، کە هى وەزارەتەکانى ناوخۆ و بەرگرى و دادن و لە وەزارەتە گرنگەکانى حکومەتن. لە کۆتایی دانیشتنەکاندا سەرۆکى پەرلەمان محەمەد حەلبوسى ڕۆژى پێنجشەممەى دیاریکرد بۆ سوێندخواردنى وەزیرە نوێیە پەسەندکراوەکان.

بەپێى زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى، پێشتر ڕێککەوتنى ژێربەژێر لە نێوان بەرەکانى بینا و ئیسڵاح هەبووە بۆ تێپەڕاندنى پێنج وەزارەت و هێشتنەوەى ناوخۆ و بەرگرى و داد بۆ دانیشتنەکانى داهاتوو، بەهۆى ناکۆکى زۆر لەسەریان، بەڵام دانیشتنەکە بەپێى پلانەکە کۆتایی نەهات، بەهۆى ڕەتکردنەوەى کاندیدانى پەروەردە و کۆچ و کۆچبەران، یەکەمیان بەهۆى ناڕەزایی زۆر لەسەر بەشداریی خەمیس خەنجەر لە حکومەت و دووەم ڤیتۆى هێزە مەسیحییەکانى ناو پەرلەمان لەسەر هەنا گۆرگیس، کە وەها بڵاوە کاندیدى کڵێساى کلدانى و لویس ساکۆیە.

پێشتریش بڕیاربوو کۆچ و کۆچبەران بدرێت بە نەوزاد هادى پارێزگارى هەولێر، بەڵام بەهۆى ناکۆکى پارتى و یەکێتى لەسەر چۆنییەتى بەشدارییان لە کابینەى عەبدولمەهدى کێبەرکێ چڕبوویەوە لەسەر وەزارەتی داد و وەزارەتى کۆچ ڕۆیشت بۆ پشکى مەسیحییەکان، تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەکى ڕوون نییە بۆ چارەسەرى گرێى وەزارەتى داد.

شارەزایانى ڕەوشى عێراق پێیانوایە ئەوەى لە دانیشتنى سێشەممەدا ڕوویدا لەسەر بنەماى "نە براوە و نە دۆڕاو" بەڕێوەچووە، چونکە هەم کابینەى عەبدولمەهدى هەنگاوێک چوویە پێشەوە، هەمیش قسەى هیچ لە یاریکەرە سەرەکییەکان نەشکا، کە لە ماوەى ڕابردوودا ڕێگربوون لە گەیشتن بە کابینەیەکى تەواو.

ع.ا