سەردێڕ:

پەرلەمانى عێراق سێ وەزیری دیکەى کابینەکەى عەبدولمەهدی پەسەندکرد

دانیشتنەکە بۆ پێنجشەممە هەڵگیرا
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى
2018-12-18

3744 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، بەغدا، ئومێد محەمەد

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، پەرلەمانى عێراق ھەریەک لە وەزارەتەکانی پلاندانان و رۆشنبیری و خوێندنی باڵای پەسەندکرد.

ئەوەشی وت، پەرلەمان لە دانیشتەنەکەی ئەمرۆیدا دەنگیدا لەسەر دیاریکردنی نوری ناتق وەک وەزیری پلاندانان و عەبدولئەمیر وەک وەزیری ڕۆشنبیری و  قوسەى سوهەیل وەک وەزیری خوێندنی باڵا.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو کاندیدی وەزارەتەکانی پەروەردە و کۆچ و کۆچبەران دەنگیان لەسەر نەدراوە.

باسی لەوەشکرد، بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەر دانیشتنەکە، سەرۆکایەتی پەرلەمان دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بۆ ڕۆژی پێنج شەممە دواخستووە، بۆ ئەوە هەردوو هاوپەیمانی ئیسلاح و بینای لە دەرەوەی پەرلەمان لەسەر کاندیدەکانی یەکتر ڕێکبکەون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سەبا ئەلتایی کاندیدی وەزارەتی پەروەردە لەپشکى حیزبەکەى خەمیس خەنجەربووە و دەنگی نەهێناوە و هەروەها  کۆچ و کۆچبەران مەسیحییەک بووە کە نزیکە لە کڵێساى کلدانى و لیستە مەسیحییەکانی تر پێى رازینین.

قوسەى سوهەیل پێشتر جێگیرى سەرۆکى پەڕلەمان بووە و لە سەر لیستى سەدرییەکان بوو، جیابوویەوە و رۆیشتە ڕیزەکانى دەوڵەتى یاسا و ئێستاش لەپشکى مالیکى خوێندنى باڵاى وەرگرتووە.

لەسەر وەزارەتى رۆشنبیرىیش مشتومرێکى گەورە لە مانگى ڕابردوو دروست بوو، بەو پێیەى دراوە بەبزوتنەوەى عەسایب و سەرەئەنجام کاندیدێک لەوانەوە پێشنیارکرا کە جێگەى رەزامەندى لیستەکانی ترە.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، پێشتر رێککەوتنى ژێربەژێر لەنێوان  هاوپەیمانییەکانی  بینا و ئیسڵاح هەبووە بۆ تێپەڕاندنى پێنج وەزارەت و هێشتنەوەى ناوخۆ و بەرگرى و داد بۆ دانیشتنەکانى داهاتوو.

پێشتر بڕیاربوو نەوزاد هادى پارێزگارى هەولێر کاندید بێت بۆ پۆستى کۆچ و کۆچبەران بەڵام بەهۆى ناکۆکى پارتى و یەکێتى لەسەر بەشدارییان لەکابینەى عەبدولمەهدى کێبەرکێ چڕبوویەوە لەسەر وەزارەتى داد و وەزارەتى کۆچ چوو بۆ پشکى مەسیحییەکان.