سەردێڕ:

میدیاکانی جیهان.. لەبەر بێهەڵوێستی جیهان گوندنشینە کوردەکان لەلایەن تورکیاوە دەکوژرێن

"لەبەر بێهەڵوێستی جیهان گوندنشینە کوردەکان لەلایەن تورکیاوە دەکوژرێن"
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-12-18

1242 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

رۆژنامەی ئیندپێندەنتی بەریتانی نوسیویەتی، لەبەر بێهەڵوێستی جیهان، گوندنشینە کوردەکان بە هۆی هێرشی تورکیاوە دەکوژرێن، رۆژنامەکە سەرنجی خستووەتە سەر قوربانیانی گوندی بەرمیزەی سنوری سیدەکان کە بەهۆی هێرشی ئاسمانی فڕۆکەکانی تورکیاوە کوژراون و ئاماژە بەوەدەکات، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگبوو لە ئاست خاپوورکردنی گوندە کوردییەکانی تورکیا بەدەست هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵانی نەوەدەکاندا، حکومەتی تورکیا بڕوای وایە دەتوانێت هەمان شت دووبارە بکاتەوە بە بێ ئەوەی ڕەخنەی لێبگیرێت.

++++

رۆژنامەی گاردیان نوسیویەتی، حکومەتی بەریتانیا بەشێک لە خولەکانی راهێنانی خوێندکاران و کارمەندانی حکومی هاوڵاتیانی عێراقی لە بەریتانیا هەڵوەشاندووەتەوە بەوەی ڤیزای بەو هاوڵاتیانە نەبەخشیووە، بە گوێرەی رۆژنامەکە یەکێک لە خولەکان تەرخانکرابوو بۆ دەیان خوێندکاری عێراقی لە زانکۆکانی بەریتانیا بەڵام دواتر ڤیزای بەریتانیا بە بەشداربوانی خولەکە نەدراوە. پرۆژەیەکی دیکەش کە لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە پشتیوانی دارایی دەکرا و تایبەتبوو بە توێژینەوەیەک دەربارەی ئاوارەبوون و توندوتیژی ڕەگەزی لە هەرێمی کوردستان، بەهەمان شێوە ڤیزا بە بەشداربوونی ئەو توێژینەوەیە نەدراوە، ئەوەی بەهۆی سیاسەتی کۆچی بەریتانیاوە.

+++

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی، زانیارییەکی وەزیری دەرەوەی تورکیای ڕەتکردەوە کە ڕایگەیاندبوو ترەمپ بە ئەردۆغانی وتووە، وڵاتەکەی کار بۆ رادەستکردنەوەی فەتحولا گیولەن سەرۆکی بزوتنەوەی خزمەت بە تورکیا دەکات، ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی وتوویەتی، ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا هیچ بەڵێنێکی بۆ رادەستکردنەوەی گیولەن بە تورکیا نەداوە.

+++

لە ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکادا باس لەوەدەکرێت، وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵاتی ئێران و تورکیا و روسیا ئەمڕۆ لە جنێڤ کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ نوسینەوەی دەستوور کە لە نوێنەرانی سوریا پێکهاتبن، هەریەک لە لایەنی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا لیستێکی ٥٠ کەسییان بۆ لیژنەکە دیاریکردووە، و ئەوەی هەرسێ وڵاتەکە ناکۆکن لەسەری، ٥٠ ئەندامی کۆمەڵەی مەدەنی و ئەندامانی سەربەخۆی نێو لیژنەکەیە.

+++

لە بەشی تەندروستی ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی توێژینەوەیەک بڵاوکراوەتەوە کە دەریدەخات، شێلانی منداڵی کۆرپە بەشێوەیەکی هێواش و لەسەرخۆ ئازاری منداڵ کەمدەکاتەوە، توێژینەوەکە بە هاوبەشی لەلایەن هەردوو زانکۆی ئۆکسفۆرد و لیڤەرپوڵەوە ئەنجامدراوە کە دەریدەخات، دەستهێنان بە پشتی منداڵی کۆرپە کاریگەری لەسەر مێشکی منداڵ دەبێت و لەسەدا ٤٠ ی ئازارەکانی لەشی کەمدەکاتەوە.

ش.ق