سەردێڕ:

دادگای ئیداری فالح فەیازی گێڕایەوە بۆ پۆستەکەی

پێشتر بە بڕیاری حەیدەر عەبادی لە پۆستەکەی دوورخرابۆوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-17

2708 جار خوێندراوەتەوە

بە بڕیاری فەرمی دادگای ئیداری فالح فەیاز گەڕایەوە بۆ پۆستەکەی خۆی وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی دەستیکەوتووە، ئەمڕۆ دووشەممە (١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) دادگای ئیداری فالح فەیازی گێڕاوەتەوە بۆ پۆستەکانی پێشتری، وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی.

بەو بڕیارەش دادگا بڕیارەکەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی هەڵوەشاندەوە، کە فەیازی لە پۆستەکەی دوورخستبووەوە.

فالح فەیاز کاندیدی لیستی هاوپەیمانی بنیاتنانەوەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆیی عێراق، کە تا ئێستا بە فەرمی یەکلانەبووەتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە فەیاز کرد لە خۆکاندیدکردن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بکشێتەوە، بەڵام ناوبراو جەختیکردەوە بە هیچ شێوەیەک خۆی لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ ناکشێنێتەوە و، ئەو بابەتەش بووەتە یەکێک لە گرێ کوێرەکانی تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی.

ع.م