سەردێڕ:

لەسەر دراوی وڵاتێک لەبری وێنەی سەرۆک وێنەی ئاژەڵەکان دادەنرێت

ژمارەیەک دراوی وڵاتی کینیا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-17

3241 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی رێگەگرتن لە ستایش و گەورەکردنی سەرکردەکان، لەسەر دراوی وڵاتی کینیا وێنەی ئاژەڵەکان لەبری وێنەی سەرۆکەکانی ئەو وڵاتە دانرا.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، بەبڕیارێکی نوێ و لەمەودوا لە سەر هەندێک دراوی کانزایی کینیا وێنەی ئاژەڵەکانی وەک فیل و شێر و زەڕافە و کەرکەدەن لەبری وێنەی سەرکردەکانی ئەو وڵاتە هەڵدەکۆڵدرێت، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ رێگەگرتن لە ستایشکردن و گەورەکردنی سەرۆک و سەرکردەکان دێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی خەڵکی کینیا پێیانوایە سەرکردەکانی ئەو وڵاتە دەیانەوێت لەڕێگەی ئەو بڕیارەوە پێگەی خۆیان بەرزبکەنەوە و لەبەرامبەردا پێگەی دەوڵەت و حکومەت نزمبکەنەوە و بەکەسێتی بکەن.

یوهۆرۆ کینیاتا سەرۆکی کینیا رایگەیاندووە، "بڕیاری گۆڕینی وێنەی سەر دراوەکان گۆڕانکارییەکی گەورەیە و ئەوە پیشاندەدات کە گەلی ئێمە رێگایەکی دورودرێژیان تێپەڕکردووە".

بانکی ناوەندیی کینیاش ئاماژەی بەوەکردووە، هەڵکۆڵینی وێنەی ئاژەڵەکان لەسەر دراوەکان دەربڕینێکی فیزیکی و کردارییە بۆ لەدایکبوونی کینیایەکی نوێ و سەرکەوتوو و ئەوە پیشاندەدات کە رێز لە ژینگە دەگیرێت.

پێشتر وێنەی سێ سەرۆکی کینیا، جۆمۆ کینیاتا و دانیەڵ ئەراپ مۆی و موای کیباکی لەسەر ئەو دراوانە هەڵکۆڵدراوە کە بڕیارە وێنەکانیان بگۆڕدرێت.

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠١٢ی کینیادا، موای کیباکی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و کۆتایی بە حکومڕانیی ٢٤ ساڵەی ئەراپ موی هێنا، ئەو بەڵێنەشی نەبردەسەر کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکەدا رایگەیاندبوو، وێنەی خۆی لەسەر دراوی کینیا چاپ ناکات.

ش.ق