سەردێڕ:

​سعودیە: ئەمریکا لەبارەی دۆسییەی خاشقچییەوە دەستوەردانی لە ناوخۆی وڵاتەکەمان کردووە

فۆتۆ: 
2018-12-17

1584 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دەرەوەى سعودیە رایگەیاند، بەرپرسیارێتى خستنە سەر محەمەد بن سەلمان بە کوشتنى جەمال خاشقچى دەستوەردانی ئەمریکایە لە کاروبارى ناوخۆى سعودیە.

لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتەکە ئیدانەى بڕیارێکى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکاى کردووە سەبارەت بە ڕاگرتنى هاوکارییەکانى ئەمریکا بۆ سعودیە لە شەڕى یەمەن.

باسی لەوەشکردووە، بڕیارەکەى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا کە تیایدا بەرپرسیارێتى خستە سەر محەمەد بن سەلمان شازادەى جێنشین بە کوشتنى جەمال خاشقچى، دەستوەردانە لە کاروبارى ناوخۆى سعودیە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەرکردنى ئەو بڕیارە لەسەر بنەمایەکى ناڕاست بووە و سعودیە هەموو دەستوەردانێک لە کاروبارى ناوخۆى وڵاتەکەى ڕەتدەکاتەوە.

پێشتر بۆب کرۆکەر سەرۆکى لیژنەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا ڕایگەیاند، هەفتەى داهاتوو ئەنجومەن دەنگ دەدات لەسەر پڕۆژە بڕیارێک بۆ سەپاندنى سزا بەسەر سعودیە بەهۆى شەڕى یەمەن و کوشتنى جەمال خاشقچى ڕۆژنامەنوسى ئەو وڵاتە.

چوارشەممەى ڕابردوو ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا بە زۆرینەى دەنگ بڕیارى ڕاگرتنى هاوکارییەکانى ئەمریکاى بۆ سعودیە پەسەند کرد و ئەوەش ئیدارەى دۆناڵد ترەمپى نیگەران کرد بەهۆى سیاسەتەکانیەوە لەبەرانبەر سعودیە.