سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی عێراق: چاوەڕوانی باشتر لە حکومەت مەکەن چارەسەر تەنها خۆپیشاندانە

دیاردەی هەژاری و بێکاری لە عێراق لە هەڵکشاندایە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-16

1589 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی نەسر داوای لە گەلی عێراق کرد بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی حزبەکان بترسێنن و ئاماژەی بەوەشکرد هیچ ئومێدێک نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و قەیرانی بێکاری.

یوسف کیلابی کە یەکێکە لە سەرکردەکانی پێشووی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ یەکشەممە (١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بە دەنگی هاووڵاتیانی عێراق بووەتە ئەندامی پەرلەمان، پێویستە ڕوون و ڕاشکاوانە ئەوەی دەیبینێت باسی بکات و ئاشکرای بکات.

دەربارەی پرۆسەی سیاسی ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند، ئەوەی دەیبینێت پرۆسەیەکی سیاسی کوێرانەی خوار و خێچە و بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانی خێر و چاکە نەکەن و بودجەی عێراق بێدەسەڵاتە لەوەی چارەسەری کێشەی بێکاری بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو نەوتەی کە بووەتە تاکە سەرچاوەی داهات، لەڕێگەی مۆڵەتپێدان و گرێبەستە گەندەڵییەکانەوە فڕۆشراوە و هیچ ستراتیژیەتێکیش نییە بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی فێرکردن و کشتوکاڵ و پیشەسازی، بۆیە "حزبەکان ترسیان نییە جگە لە بەرپاکردنی خۆپشاندان و چوونە سەرشەقام و هەڵمەتیان لە دژیان بەرپا بکەن تا دەیانبەزێنن، بۆیە پشت بە خوا ببەستن و لەو بێدەنگییەتان وەرنە دەرەوە".

کیلابی ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەت شکستی خواردووە لە تەواوکردنی کابینەی نوێ و زۆر لەوەش شکستخواردوو ترە بتوانێت جارێکی تر ئەم وڵاتە هەستێنێتەوە و زیندوویبکاتەوە.

ئەو وتانەی ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لە کاتێکدایە، بەپێی روپێوییەک ٢٧.٥% ی گەنجانی هەرێم و عێراق بێکارن و ٩٠%ی هێزی کاری ژنان لە کەرتی گشتی حکومیدان، و لە ٣١%ی خێزانەکان دۆخی ئابووریان خراپە.

دەزگاى ناوەندیی ئامارى عێراق لە ساڵی ٢٠١٨ بەهاوکارى دەستەى ئامارى هەرێم و بانکى نێودەوڵەتى روپێوییەکی لە هەرێم وعێراقدا ئەنجامداوە، و لە روپێوییەکەدا ٨٦٤٠ خێزان وەکو نمونە وەرگیراون، ئاماری روپێوییەکە دەریدەخات ٢٧.٥% ی گەنجان بێکارن و ٩٠%ی هێزی کاری ژنان لە کەرتی گشتی حکومیدان.

سەبارەت بە دۆخی ئابووری هاوڵاتییان ئامارەکان بەم شيوەیە: ١٣% خێزانەکان دۆخی ئابووریان باشە و لە ٥٦%ی خێزانەکان دۆخی ئابووریان ئاساییە و لە ٣١%ی خێزانەکان دۆخی ئابووریان خراپە.