سەردێڕ:

عێراق داوای وێنەی مانگە دەستکردەکان دەکات بۆ ئاشکراکردنی روفاتی بێسەروشوێنکراوەکانی جەنگ

بەشێک لە زیانەکانی جەنگی دووەمی کەنداو
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-16

8359 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای وێنە و زانیاری مانگە دەستکردەکانی سەردەمی جەنگی کەنداو دەکات، بە مەبەستی دۆزینەوەی شوێنی ڕوفاتی سەربازە بێسەروشوێنەکان.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە (١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) بڵاویکردەوە، عێراق بەشداریکردووە لە کۆبوونەوەی ژمارە ٤٧ی کاروباری بێسەروشوێنکراوەکانی عێراق و کوەیت لە سەردەمی جەنگی دوومی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١، کە لە کوەیت بەڕێوە دەچێت.

لە کۆبوونەوەکەدا عێراق جەختیکردووەتەوە لە بایەخی کۆمەک و پشتیوانی لۆجستی لەلایەن ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ پێدانی وێنە و داتای مانگەدەستکردەکان تایبەت بە شوێنی روفاتی سەرباز و بێسەروشوێنکراوەکان.

داواشیکردووە، کەلوپەلی تایبەت بە هەڵکەندنی ئەو شوێنانەی بۆ دابینبکرێت، کە پێویستی بە هەڵکەندنی قوڵایی زیاتر لە ٥ مەتر هەیە.

عێراق جەختیکردووەتەوە ئاشکراکردن و ناسینەوەی شوێنی بێسەروشوێنکراوەکان و ناسینەوەیان، کاریگەریی دەبێت لەسەر داخستنی ئەو دۆسیەیە بە یەکجاری.

ئەوە لە کاتێکدایە لە سەردەمی جەنگی داگیرکردنی کوەیت لە لایەن ڕژێمی ئەوکاتەی سەدام حسێنەوە لە ساڵی ١٩٩١، ژمارەیەک لە سەرباز و هاووڵاتی هەر یەکە لە عێراق و کوەیت و بێسەرشوێن  بوون و تا ئێستا چارەنوسیان ئاشکرا نییە.

ع.م