سەردێڕ:

هەولێر.. کۆنفرانسێک لەسەر خراپیی ڕەوشی کرێکاران بەڕێوەچوو

فۆتۆ: 
2018-12-16

764 جار خوێندراوەتەوە

خراپی ڕەوشی ژیانی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکی کۆنفرانسێک بوو لە هەولێر، کە بە بەشداری ڕێکخراوەکانی بواری کرێکاران و سەندیکاکان لەسەر ئاستی عێراق بەڕێوەچوو.

ھاوڕێ حاجی جێگری سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان پێیوایە، بارودۆخی کرێکاران لە ئاستێکی خراپدایە و بەپێویستیشی دەزانێت لەم خولەی پەرلەماندا کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای کرێکاران بکرێت، چونکە لە هەرێم بە شێوازێکی کرداری سەندیکا و ڕێکخراوەکان ناتوانن هاوکاری کرێکاران بکەن.

هاوکات عوسمان زيندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت، لە هەرێم و عێراق یاساکانی بواری کرێکاران لە ئاستێکی خراپدان، لەبەرئەوەی زۆرینەی یاساکان کاریان پێ ناکرێت و بیمەی کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکاران ناگرێتەوە.

شۆڕش عومەر سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی كاری كرێكاران لە كەركوك دەڵێت، ٩١ ھەزار كرێكار لە كەركوك بێكارن و تا ئێستاش ھيچ كەس و لايەنێك گوێ لە داوا و كێشەكانيان ناگرێت و پێشێلکاری و بێکاریش لەناو کرێکاراندا لە بەرزبوونەوەدایە.

ھەرچەندە ھيچ ئامارێك لەبەردەست سەنديكانی كرێكاراندا نييە، بۆ ئەو پێشێلكارییانەی  بەرانبەر بە كرێكاران دەکرێت، بەڵام پێشێلكاريیەكان تائێستا كە بەرانبەر كرێكاران كراوە  زۆرترينيان لە چوارچێوەی كاردايە و لەلايەن خاوەن كارەوە بووە.

لە کۆنفرانسەکەشدا پاکێجێک ئامادەکرا بۆئەوەی بدرێتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، تا لە هەموارکردنەوەی یاسای کاری هەرێم و عێراقدا سودی لێ وەربگیرێت.

ئ.ر