سەردێڕ:

هەسەدە: هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر باکوری سوریا ڕاگەیاندنی جەنگە

ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدایە  هێرشەکانى تورکیا ڕابگرێت
ئەمریکا لە هەوڵی ئەوەدایە ڕێگە لە هێرشەکانى تورکیا بگرێت
فۆتۆ: 
2018-12-15

4339 جار خوێندراوەتەوە

پێدەچێت هۆشدارییەکانى واشنتن بۆ ئەنقەرە بە دەستێوەردانى سەربازیى نوێ بۆ سەر ناوچەکانى ژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سوریاى دیموکرات بێهودە بن، دواى ئەوەى سەرۆکى تورکیا بەڵێنیدا بۆ یەک ڕۆژیش بێت چالاکییە سەربازییەکان ڕانەگرن و بەمنزیکانەش هێرشى سەربازى بکەنە سەر شارۆچکەى منبج.

تورکیا توڕە و نیگەرانە لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنێکی پێشووی لەگەڵ ئەمریکا، بە کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی منبج، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕووباری فوڕاتەوە، هەر بۆیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان جەختیکردەوە، ئەگەر ئەمریکا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەو شارۆچکەیە و ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات نەخاتە دەرەوە، ئەوا تورکیا ئەو کارە دەکات، کە بە وتەی ئەو پێویستە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لەو ناوچەیەدا.

لەلایەکی دیکەوە، خلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا داوای لە واشنتن کردووە کۆتایی بهێنێت بە پەیوەندی و پاڵپشتییەکانی بۆ هێزەکانی یەپەگە و پەکەکە و خاڵەکانی چاودێریشى لە باکوری سوریا هەڵبگرێت.

لە بەرانبەریشدا هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەڕەشەکانی تورکیاى بۆ هێرشکردنە سەر باکوری سوریای بە ڕاگەیاندنی جەنگ ناوبردووە و داوایان لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان کردووە ڕێگەی لێ بگرن.

هاوکات وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)یش نیگەرانیی وڵاتەکەی لەو بڕیارەی تورکیا دەربڕی و ڕایگەیاند، چالاکیی سەربازیی تاکلایەنە بۆ سەر باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن هەر هێز و لایەنێکەوە مایەی قبوڵکردن نییە، بەتایبەت لەکاتێکدا کە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە یان دەوروبەریبن.

لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و لەنێویشیاندا سەرۆکی ئەو وڵاتە لە هەوڵی ئەوەدان ڕێگە لە هێرشی تورکیا بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ڕۆژئاوای کوردستان بگرن، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆکی هەردوو وڵات پەیوەندی تەلەفۆنییان کردووە.

لە بەیاننامەیەکیشدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەردەوامیی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەرکەکانیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ لەناوبردنی داعش هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و لە ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوامن.

ئەوە لەکاتێکدایە لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات، یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان هێرشەکانیان بۆ سەر داعش و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا چڕترکردووەتەوە و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی هەجین، لە ئێستادا چەکدارانی داعش ڕووبەرێک زەوی کەمیان لە نزیک سنوری عێراق بەدەستەوە ماوە.

ئ.ر