سەردێڕ:

وەزارەتى پلاندانانى عێراق: لە سەدا ٢٧ی گەنجانی هەرێم و عێراق بێکارن

٣١%ى خێزانەکان مانگانە کەمتر لە ملیۆنێک دینار خەرجدەکەن
فۆتۆ: 
2018-12-15

962 جار خوێندراوەتەوە

بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەژارى و نەخوێندەوارى و نائارامى سیاسى و بێکارى کاریگەریی گەورەیان لەسەر داهاتى تاک لە هەرێمى کوردستان و عێراق دروستکردووە، بە جۆرێک داهاتى خێزانەکان بە بەراورد بە ساڵانى پێشوو بە ڕێژەیەکى بەرچاو دابەزیوە.

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق ئاماره‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌ژاریی له ‌عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨ بڵاوكرده‌وه و به‌پێی ڕووپێوییه‌ك کە هەشت هەزار و ٦٤٠ خێزانى وەرگرتووە وەک نموونە، دەرکەوتووە ٣١%ى خێزانەکان لە دۆخێکى خراپى ئابوریدان و داهاتى هەر خێزانێک لە خوار ٢٠٠ هەزار دینارەوەیە.

لە ڕووپێوییەکەدا لە هەر پارێزگایەک ٣٦٠ خێزان وەرگیراوە ٩٠٠ خێزانیشیان لە بەغدا و هەرێمى کوردستان بوون.

هه‌ر له‌و ڕووپێوییه‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ تێكڕای قه‌باره‌ی خێزان له‌ عێراق شەش كه‌س ده‌بێت، ٥.٩ كه‌س له‌ شار و ٦.٥ له‌ گونده‌كانن، هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی ٣٨.٩% دانیشتووانی عێراق تەمەنیان له‌ ١٥ ساڵ كه‌مترە.

بەپێی ڕوپێوییەکە ٢٧.٥%ی گەنجانی هەرێم و عێراق بێکارن و ٩٠%ی هێزی کاری ژنانیش لە کەرتی گشتیی حکومیدا کاردەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە ٣١%ى خێزانەکان مانگانە کەمتر لە ملیۆنێک دینار خەرجدەکەن و ٤٨.٢%شیان لەنێوان ملیۆنێک و زیاتر و ١٤.٦%ی خێزانەکانیش لەنێوان ٢ تا ٣ ملیۆن دینار داهاتییانە.

دەزگاکە بڵاویشیکردووەتەوە، ٤١.٧%ی خێزانەکان ئوتۆمبێلى خۆیان بەکاردەهێنن و  ١٥.٩%شیان کۆمپیوتەر و لاپتۆپ و ٧٨.٥%ی خێزانەکانیش سمارتفۆنیان هەیە و ئامێرە ئەلیکترۆنى و خزمەتگوزارییەکانى تریش بەکاردەهێنن.

هه‌رچی له‌باره‌ی شوێنى نیشتەجێبوونەوەیە، ڕووپێوییه‌كه‌ ده‌ریخستووه‌ كه‌ ڕێژه‌ی ٧٢%ى خێزانه‌كان خاوەنى خانووى خۆیانن.

ئه‌وه‌شی كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ بواری ڕۆشنبیرییه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وا ڕووپێوییه‌كه‌ ده‌ریخستووه‌ ٨٧%ی تاكه‌كان كه‌ ته‌مه‌نییان له ‌سه‌روو ١٠ ساڵانه‌وه‌یه‌ نووسین و خوێندنیان باشه‌.

لە ئامارەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە بە شێوەیەکی گشتی ڕۆژانە ١٧ کاتژمێر کارەباى حکومى دەدرێت بە هاوڵاتییان و شه‌ش كاتژمێریش کارەبای مۆلیدە دراوە بە هاوڵاتییان.

هاوكات ڕێژه‌ی ٩٨%ى خێزانه‌كان غازی شل بۆ ئامادەکردنى خواردن به‌كارده‌هێنن، ڕێژه‌ی ٩٢%ى خێزانه‌كانیش یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوونەکانیان به‌ تۆڕی ئاوی گشتییه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌.

شارەزایانى بوارى ئابوورییش هۆکارى بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەژارى و نەخوێندەوارى بۆ نائارامى سیاسى و دارایی دەگێڕنەوە، بە جۆرێک کاریگەریی لەسەر هاوڵاتییان دروستکردووە کە بە بێکارى دانیشتوون و چاوەڕێى دۆخەکە دەکەن.

ئ.ر