سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا: هێرشی تورکیا بۆ سوریا ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات

هێشتا ئەوروپا تورکیا بە هاوبەشێکی سەرەکی خۆی دەزانێت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-15

1847 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا دوودڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە نییەتی تورکیا بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە ڕۆژئاوای کوردستان و هیواشی خواستووە ئەنقەرە پاشگەزبێتەوە لەو بڕیارە، چونکە مەترسی هەیە نائارامی زیاتر بهێنێت بۆ ناوچەکە.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ شەممە (١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە کە لە پێگەی ئەلکترۆنی ڕێکخراوەکە بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە، ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرچاوەی دوودڵییە، پێشیوایە تورکیا هاوبەشێکی سەرەکیی برۆکسلە و نوێنەرێکی گرنگیشە لەم قەیرانەدا لە تەواوی ناوچەکە.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان بەشداردەبن لە کۆتاییهێنانی توندوتیژی و تێکشکاندنی تیرۆر و بەهێزکردنی ئارامی لە سوریا و ناوچەکەدا، چاوەڕوانی ئەوەش لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن دوورکەوێتەوە لە هەر کار و کردەوەیەکی تاکلایەنە، کە ببێتە ڕێگر لەو هەوڵانەی کە دەدرێت بۆ لەناوبردنی داعش، بەتایبەت کە لە ئێستادا قۆناغی شەڕی لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتاییەکانی.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، جێبەجێکردنی ئەو نەخشەڕێگایەی کە هەریەکە لە تورکیا و ئەمریکا لەسەری ڕێککەوتوون سەبارەت بە منبج بابەتێکی بنەڕەتییە.

ئەو بەیاننامەیەی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا لەکاتێکدایە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانەی وتەیەکدا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، سووربوونی وڵاتەکەیی نیشاندا بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات، کە لەژێر دەستی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)دایە.

ئەردۆغان جەختیکردەوە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو ئۆپراسیۆنە دەستپێدەکەن و ئامانجیان "تیرۆریستانە" نەک هێزەکانی ئەمریکا.