سەردێڕ:

حەسەن رۆحانی وەڵامی هێرشەکانی ئەحمەدی نەژاد دەداتەوە

ئەحمەدی نەژاد بۆ رۆحانی: ئەگەر حکومڕانی نازانی خۆ بەلای کەمەوە دەست لە کارکێشانەوە دەزانی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-15

26790 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی ڕۆژنامەوانی حەسەن ڕۆحانی وەڵامی ڕەخنە و هێرشەکانی ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی  کۆماری پێشووی ئێرانی دایەوە و ڕایگەیاند، نەژاد ڕای گشتی بە هەڵەدا دەبات و هاوڵاتیانی ئێران فریو دەدات.

حمود واعزی بەرپرسی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی حەسەن ڕۆحانی ڕایگەیاند، ئەحمەدی نەژاد دەیەوێت ڕای گشتی شەقامی ئێران فیروبدات و تەواوی ئۆباڵی کێشە و گرفتەکانی وڵاتەکە بخاتە ئەستۆی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتێکدا خۆی دەزانێت سەرچاوەی کێشەکان لە کوێوە سەریهەڵداوە.

ئەوەشی ڕاگەیاند، تەواوی خەڵکی ئێران دەزانن ئەو کەسە کێیە ئابڵوقە ئابورییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەسەر ئێراندا هێنا.

لە ماوەی ڕابردوودا ئەحمەدی نەژاد بەشداری لە گردبوونەوەی ناڕەزایی فەرمانبەران و مامۆستایان و کرێکارانی ئێرانی لە پارێزگای گیلان کرد و هێرشی کردە سەر حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران و  ڕایگەیاند" ئەگەر حکومڕانی نازانی خۆ بەلای کەمەوە دەست لە کارکێشانەوە دەزانی".

نەژاد چەندین جار ڕەخنەی لە حکومەتەکەی رۆحانی گرتووە و ڕاگەیاندووە، ئەو دۆخەی ئێستا هاوڵاتیانی ئێرانی پێ تێپەڕدەبێت خراپترین دۆخی مێژوویی هاوڵاتیانی ئێرانە و بە مانەوەی رۆحانی لە پۆستی سەرۆک کۆمار قەیرانی دارایی وڵاتەکە قوڵتر دەبێتەوە.