سەردێڕ:

​هەردوولایەنی جەنگی یەمەن لەسەر وەستاندنی شەڕ لە شاری حودەیدە ڕێککەوتن

فۆتۆ: 
2018-12-14

1041 جار خوێندراوەتەوە

لەمیانەی دانوستانەکانی ئاشتی یەمەندا لە سوید بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەردوولایەنی جەنگی ناوخۆی یەمەن ڕێککەوتن لەسەر وەستاندنی شەڕ لە حودەیدە و کشانەوەی هەموو هێزەکان لە شارەکەدا.

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سوید ڕایگەیاند " گەیشتووین بە ڕێکەوتنێک لەسەر بەندەرەکە و شاری حودەیدە، و هێزە بێلایەنەکان لە شارەکە و بەندەرەکەدا بڵاودەکرێنەوە و وەستاندنی شەڕ لە پارێزگاکەدا جێبەجێ دەکرێت، نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە بەندەرەکەدا."

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ڕاشیگەیاند،هێزە چەکدارەکانی هەردوولا لەماوەی چەند ڕۆژێکدا لە بەندەری حودەیدە دەکشێنەوە کە خاڵی سەرەکی زۆربەی هاوردە بازرگانییەکان و یارمەتییەکانە، دواتر هەموو هێزەکان لە شارەکە و دەوروبەری شارەکە دەکشێنەوە.

 لە کۆتاییدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی وتووە، بیر لە چوارچێوەیەکی سیاسیی نوێ دەکەنەوە  بۆ دانوستانەکانی داهاتووی ئاشتی یەمەن کە لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت لە نێوان حکومەتی یەمەن و حوسییەکاندا.

کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن و پارێزگای حودەیدە بوونەتە گەرمترین بەرەکانی جەنگی یەمەن، کە تیایدا هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بە فەرماندەیی سعودیە و هێزەکانی لایەنگرانی عەبد مەنسور هادی سەرۆکی یەمەن سەرکردایەتی ئەو جەنگە دەکەن، حودەیدە کەدەکەوێتە سەر دەریای سور،  لە مانگى تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ و لەدوای مانگێک لە دەستبەسەرداگرتنی سەنعای پایتەخت، لەلایەن چەکدارە حوسییەکانەوە کۆنتڕۆڵکرا، گرنگی ناوچەیەش بۆ حوسییەکان لەوەدایە کە تاکە ڕێڕەوی دەریاییە بتوانن لە ڕێگەیەوە خۆراک و یارمەنی پزیشکی بگەیەننە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان، کە بەوەش نەهامەتی هاوڵاتیان لەو ناوچانە سەختتر دەکات.

ب ، م