سەردێڕ:

وردەکاریی گفتوگۆکانى کابینەى نوێی حکومەت

کۆبوونەوەى شاندى پارتى لەگەڵ لایەنەکان
فۆتۆ: 
2018-12-13

2493 جار خوێندراوەتەوە

گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەستیپێکردووەتەوە و لەسەر ئەو بابەتە پارتی لەگەڵ ھەریەکە لە گۆڕان و یەکێتی کۆبووەتەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، سەردانی سەرجەم لایەنەکانی ھەرێم دەکەن بەو لایەنانەشەوە کە ئۆپۆزسیۆنبوونیان ھەڵبژاردووە، دەشڵێت ھیوادارە لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان لەگەڵ لایەنەکان ڕێکبکەون.

ئاماژەی بەوەش کرد، ھەموو لایەنەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن تا کۆتایی ئەمساڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت دیاریبکرێت، بۆئەوەی کاندیدی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ بکات و وەزیرەکانی پێشکەشی پەرلەمان بکات.

میرانی باسی لەوەش کرد، ڕاستە پارتی زۆرینەی ھێناوە لە ھەڵبژاردن، بەڵام لایەنەکانی دیکەش نەشکاوە بۆیە پێویستە ھەرچی زووە لایەنەکانی دیکەش کاندیدی خۆیان دیاریبکەن بۆ کابینەی نوێ.

بەپێی زانیارییەکان، ھەفتەی داھاتوو پارتی سەردانەکانی دەستپێدەکاتەوە بۆ لای لایەنەکان و پرسی پێکھێنانی حکومەت و یەکلاکردنەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە تەوەری گفتوگۆکانیان دەبێت.

سەرچاوەیەکیش لە پارتی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئەگەر نەکەونە پشووی سەری ساڵەوە لە ھەفتەی داھاتووەوە  پرسی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم یەکلایی دەکەنەوە.

کۆمەڵى ئیسلامی کە تا ئێستا بڕیاری بەشداری لە کابینەی نۆدا نەداوە، بەڵام ئەوە ناشارێتەوە کە چاوەڕوانی ئەوەن پارتی سەردانیان بکات

قومرییە بەرزنجی ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبەش نایشارێتەوە کە مەیلی بەشدارییان لە حکومەت ھەیە و دەڵێت، ئەوە ئەرکی سەرشانی پارتییە کە نێو ماڵی کوردی ڕێکبخاتەوە و دەستپێشخەری بکات بۆ کۆبوونەوە، ھەرکات پارتی ئەو ھەنگاوەی نا، ئەوە سەرکردایەتی کۆمەڵیش بڕیاری خۆی دەدات.

لەگەڵ ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکەیاندا لەسەر چوار خاڵ ڕێککەوتن، بەڵام لە دوای کۆبوونەوەیان ئەم دوو حیزبە ھەوڵی کۆبوونەوەی جیا جیا دەدەن لەگەڵ حیزبەکانی دیکە، ھەریەکەیان بە جۆرێک دەیانەوێت لایەنەکان بەلای خۆیاندا ڕاکێشن. بۆیە ئەندامانی باڵای ئەو دوو حیزبە بە نھێنی و بە ئاشکرا سەردانی حیزبەکانی دیکە دەکەن.