سەردێڕ:

ئایا جنۆکە دەچێتە لەشی مرۆڤەوە؟

فۆتۆ: 
2018-12-13

37991 جار خوێندراوەتەوە

تا ئێستاش لە هەرێمی کوردستان ئەوانەی تووشی گرفتیی دەروونیی دەبن، دەکەونە بەردەم دوو هەڵبژاردەی جیاواز، یان سەردانی سەنتەر و پزیشکانی دەروونیی دەکەن، یان دەبرێنە لای ئەو کەسانەی کە وەک خۆیان دەڵێن جنۆکە لە لەشی مرۆڤدا دەردەکەن.

لە ئەڵقەیەکی نوێی بەرنامەی بێسنووردا لەسەر بابەتی "جنۆکە لە نێوان ئاین و باوەڕى باودا" بە بەشداریی پزیشكی دەروونیی و مامۆستای ئاینی و کەسایەتی ئیسلامی و مامۆستای زانکۆ باسیان لە جنۆکە کرد لەڕووی ئاینی و پزیشکییەوە.

پزیشکیی دەروونیی داوای دەقی قورئانی دەکات

Image may contain: 1 person, glasses and close-up

د. ئەفرام محەمەد پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان، ئاماژەی بەوەکرد، زیاتر لە ١٣٠ جۆر نەخۆشیی دەروونیی هەیە و بۆ هەر یەکێکیان هۆکاری خۆی هەیە، هیچکام لەم نەخۆشییانە هۆکارەکەی بوونی جنۆکە نییە، چونکە هەندێکجار بۆماوەییە یان گۆڕانکارییە لە پێکهاتەی لەشی کەسەکە. یان بەهۆی زیادبوونی هەندێک ماددە لە مێشکدا، شتێک دێتە بەرچاوی و گومانی بۆ دروستدەبێت و لەبەر خۆیەوە قسەدەکات و بەهۆی ئەو ماددەیەوە بڕوابەخۆبوونی زیاد دەبێت، خۆی لێدەبێتە کەسێکی گرنگ، ئەو پزیشکە پسپۆڕە وتی "ئێمە چەندین نەخۆشی لەمشێوەیەمان هەیە، لە ژیانی پزیشکیمدا دووکەسم دیووە خۆی لێ بووە بەخوا لە عیادەکەمدا وتوویەتی من خوام هاتووم بۆ ئێوە، ساڵانە دکتۆر نییە ٣٠ بۆ ٤٠ کەسی لەوجۆرە نەدیبێت کە خۆی لێدەبێتە پێغەمبەر، بەتایبەت لە بەهاراندا بەهۆی گۆڕانکارییەکانەوە".

ئەو پزیشکە نکوڵی لەوە نەکرد کە باوەڕی بەوە هەیە کە جن وەک بوونەوەرێک لە قورئاندا باسکراوە، موسڵمانی هەیە و کافری هەیە، بەڵام وتی "تا ئێستا دەقێکی راست و روونم نەدیوە کە بڵێت جنۆکە دەچێتە لەشی مرۆڤەوە و کاریگەریی دادەنێت، یان وترابێت دەتوانرێت بەقورئان جنۆکە دەردەکرێت.

چۆن رێ لەچوونە ناوەوەی جنۆکە بۆ لەشی مرۆڤ دەگیرێت؟

زەکەریا کەریم کەسایەتییەکی ئاینییە و وەک خۆی دەڵێت چەندین ساڵە کاری دەرکردنی جنۆکە دەکات لە لەشی مرۆڤ لە ڕێی قورئانەوە، ئەو ئاماژەی بەوەکرد، خوای گەورە جنۆکەی لە پریشکی ئاگر پێش مرۆڤ دروستکردووە بۆ بەندایەتی، جنۆکەش وەک مرۆڤ کاری چاکە و کاری خراپە دەکات و لە پاداشت و سزاشدا بەهەمانشێوەیە. ئەو دەڵێت " دەردەکە هەیە بۆیە دووعای بۆ دانراوە، فەرموودەی سەحیح هەیە لەسەر ئەوەی لەکاتی باوێشکداندا دەستبگرن بەدەمتانەوە با شەیتان نەچێتە دەمتانەوە، کە بوخاری و موسلیم گێڕاویانەتەوە، یان لە کاتی سەرجێیی دوعاکانتان بخوێنن بۆ ئەوەی جن نەیەتە نێوانتانەوە و ئەو منداڵە لەبار ناچێت ئەگەر دووعاکان بخوێنن".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی جنۆکە دەچێتە لەشی مرۆڤەوە یان دەچێتە لەشی چ مرۆڤێکەوە، ئەو کەسایەتییە ئاینییە دەڵێت "پێغەمبەر و یاوەرانی زیکرو یادی خوایان دەکرد، بەڵام ئێمە تەنانەت زۆرێک لە پیرەکانیشمان گۆارنی و سەما و ئەوشتانە دەکەن، نە نوێژ و نە جەماعەت دەکەن.

زەکەریا کەریم پێیوایە پەیوەستبوون بە قورئان و جێبەجێکردنی سونەتەکانی پێغەمبەر و خوێندنی زیکری بەیانیان و ئێواران، لەکاتی هەڵسوکەتەکانی رۆژانە وەک (خەوتن و هەستان و خۆگۆڕین و سەرجێی و سەفەر و سەیران) رێ لە جنۆکە دەگرن، کە پێغەمبەر دروودی خوای لێبێت زیکری تایبەت بەهەر یەکێکیانی داناوە. پەیوەستبە ئیتر جیهانی جن لە منداڵێکی شەش مانگ بێدەسەڵاتتر دەبێت بەرامبەرت.

رایەک لە نێوان و چارەسەری پزیشکیی و ئاینیدا

د.خالید ئەحمەد مامۆستای زانکۆ، ئەوەی خستەڕوو کە سورەتێکی قورئان بەناوی جنۆکەوە هەیە، ئەوانیش دەبێت پەرستش بکەن، هەندێک قودرەتیان پێدراوە کە بە مرۆڤ نەدراوە، مرۆڤ تووشی هەڵە و خراپە دەکەن، شەیتان لە جنۆکە بووە، واتە جنۆکە هەردوو جۆرەکەی هەیە چاک و خراپ.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت "واقیع ئەوەی سەلماندووە، ئەو کەسانەی تووشی ئەو حاڵەتانە دەبن، نە بەتەنیا بە پزیشکانی دەروونیی و نە بەتەنیا بەو کەسانەش چارەسەردەبێت کە کاری دەرکردنی جن دەکەن. کەواتە نابێت تەنیا لە روانگەیەکەوە سەیری ئەم بابەتە بکرێت".

د. خالید دەڵێت "چۆن قەناعەتم بە بوونی مرۆڤ هەیە قەناعەتم بە جنۆکەش هەیە و کاریگەریی لەسەر مرۆڤ هەیە و دەتوانێت کۆنتڕۆڵی مرۆڤ بکات، دەچێت یان ناچێت گرفت نییە، بەڵکو کاریگەرییەکانی هەیە. ئەوەی دەڵێت ناچێت هیچ بەڵگەیەکی نییە، منیش سەرچاوەم ئایەت و فەرموودەیە".

 هـ،ڕ