سەردێڕ:

دادگای یەكێتی ئەوروپا داوایەكی حوسنی موبارەكی ڕەتكردەوە

حوسنی موبارەك سەرۆکی پێشووتری میسر
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-13

1378 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، قاهیرە، سەنگەر سەیدقادر

دادگای یەكێتی ئەوروپا لە لۆكسۆمبۆرگ داوایەكی حوسنی موبارەك سەرۆکی پێشووتری میسری ڕەتكردەوە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی کە لە لایەن دادگای ئەوروپاوە بەسەریدا سەپێنراون.

دادگای یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا بەیاساییبونی ئەو سزایانەی بەسەر موبارەكدا سەپێنراون، لە ناویاندا سزای بلۆكردنی ٤٣٧ ملیۆن دۆلار لە بانكەكانی سویسرا و ڕایگەیاندوە سزاکان هەموو مەرجە یاساییەكانی تێدایە و پێشتر بە هاوكاری دەسەڵات و حكومەتی میسر بەڵگەی پێویست لەسەر پرسی گەندەڵی موبارەك كۆكراوەتەوە.

بڕیارەكەی دادگای ئەوروپا دوای ئەوە دێت کە پارێزەری موبارەك داوایەكی یاسایی پێشكەشی دادگای یەكێتی ئەوروپا كردبوو و تیایدا دوایكردبوو، سزاكانی سەر موبارەك هەڵبوەشێنرێتەوە و پارە بلۆككراوەكانی بۆ بگێڕدرێتەوە.

پێشتر لە  مانگی  نیسانی ئەمساڵدا داواكاری گشتی سویسرا رادەستكردنەوەی پارە بلۆكکراوەكانی موبارەكی بۆ حكومەتی میسر ڕەتكردەوە بەهۆی ئەوەی حكومەتی میسر مەرجەكانی سویسرای جێبەجێنەكردوە كە بوونی شەفافیەت و بوونی دەسەڵاتێكی دیموكراسی و دەسەڵاتێكی دادوەری بەهێزە.

دوای دورخستنەوەی لە دەسەڵات لەساڵی ٢٠١١، حوسنی موبارەک چەندین جار بە تۆمەتی گەندەڵی دادگاییكراوە و ساڵی ٢٠١٦ بەسزای ٣ ساڵ زیندانی سزادرا بە تاوانی گەندەڵی و بەهەدەردانی موڵك و دارایی گشتیی، بەڵام لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٧ دادگای تاوانەكانی قاهیرە بڕیاری بێتاوانی موبارەكی دەركرد و ئازاد كرا.

ش.ق

‌بەپەلە