ئەو خۆراکانەی پێست لە تیشکی خۆر دەپارێزن

2019-05-21

7164 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بە هاتنی وەرزی بەهار و هاوین، گرنگی بەکارهێنانی دژەخۆر و پاراستنی پێست لە تیشکی خۆر زیاد دەکات، لەو بارەیەشەوە سەرەڕای بەکارهێنانی بەرهەمەکانی دژەخۆر، هەندێک خۆراک هەن کە لە ناوەوە یارمەتی پاراستنی پێست لە تیشکی خۆر دەدەن.

لە بابەتێکی تەندروستییدا ماڵپەڕی سی ئێن ئێن ئاماژەی بە چەند جۆرێکی خۆراک کردووە، کە دەتوانن بەهۆی پێکهاتەکانیانەوە بەرگریی پێست دژی تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر زیاد بکەن.

لە بابەتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، سەرجەم ئەو خۆراکانە دەوڵەمەندن بە ماددەی ئەنتایئۆکسیدێنتی جیاواز کە بەرپرسن لە خاوکردنەوەی پرۆسەی پیربوونی پێست و بە چەندین ڕێگە ڕووبەڕووی زیانەکانی خۆر دەوەستنەوە.

هەندێک لەو ماددانە وەکو کارۆتێنۆید و پۆلیفێنۆل، لە ناو پێستدا کۆدەبنەوە و تیشکی خۆر بە شەپۆلە جۆراوجۆرەکانیەوە هەڵدەمژن، هەروەها ڤیتامین C و E ، پێست لە گەردیلەکانی تیشکی سەروبنەوشەیی خۆر دەپارێزن کە دەبنە هۆی پیربوونی پێشوەختە.

ئەم پێکهاتە خۆراکییانە بە شێوەی دەرمان و حەب و دەرزی و خواردنەوە هەن کە لە دەرمانخانەکاندا دەفرۆشرێن، یان بەشێوەی سروشتی لە ناو چەند جۆرێکی خۆراکدا بوونیان هەیە، لەوانە:

-تەماتە

-پەتاتەی شیرین و سپێناخ

-ترێ و هەنار و توتڕک

-پرتەقاڵ و کیوی

-ماسی

-گوێز و چەرەزات

ز.ن