هۆکاری دەرکەوتنی خاڵی سپی چییە لەسەر نینۆکەکان؟

2019-05-20

14780 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەندێك کەس خاڵ و هێڵی سپی لەسەر نینۆکەکانیان دەردەکەوێت بەبێ ئەوەی بزانن هۆکارەکەی چییە و بەچی لادەچێت.

ماڵپەڕی هێلس لاین لە بابەتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سپیبوونەوەی نینۆکەکان کێشەیەکی تەندروستیی باوە، زۆرینەی کەسە پێگەیشتووەکان تووشی دەبن لە قۆناغێکی ژیانیاندا بەڵام زیانبەخش نییە.

سپیبوونی نینۆك بریتییە لە دەرکەوتنی پەڵەی سپی بچوك و گەورە و هێڵی سپی لەسەر نینۆکەکان، لە هەندێك لە حاڵەتەکانیشدا مەودایەکی زیاتری نینۆکەکان داگیردەکەن.

هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی کانزاکان لە جەستەدا، وەك زینك و کالسیۆم، هەروەها بەکارهێنانی نینۆکی دەستکرد بەراددەیەکی زۆر، لەگەڵ ئەوەشدا بەرکەوتنی زەبر بە نینۆکەکان و هەستیاری بەشێکی ترن لە هۆکارەکان.

ئەگەر ئەو پەڵە سپییانە کەمبوون ڕەنگە بەهۆی ئەوە بێت کە زەبرێکی بەرکەوتبێت بۆیە پێویستی بە سەردانی پزیشک نییە، تەنها پێویستە ئاگاداری پەنجەکانتان بن و نەهێڵن زەبری بەربکەوێت و زیانی پێنەگات.

بەڵام لەحاڵەتێکدا ئەو پەڵانەی زیادیانکرد، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت تا بزانرێت هۆکارەکەی چییە و چارەسەری بۆ بکرێت.

ژ.ن