گوگڵ یادی خەیام دەکاتەوە

2019-05-18

5700 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عومەر خەیامەوە گوگڵ لۆگۆی خۆی گۆڕیوە بۆ وێنەی خەیام.

ئەمڕۆ ١٨ی ئایاری ٢٠١٩ ، ٩٧١ ساڵ بەسەر لەدایکبوونی عومەر خەیام دا تێدەپەڕێت، بەوبۆنەیەوە گوگڵ لەگەڵ دانانی وێنەکەی لەگەڵ لۆگۆی سەرەکی خۆی بەزانای بیرکاری ناوی دەبات.

خەیام ١٨ی ئایاری ١٠٤٨ لە نەیشاپور لە خۆراسانی ئێران لەدایکبووە، لە ٣ی کانوونی یەکەمی ١١٣١ لە تەمەنی ٨٣ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

عومەر خەیامی نیشاپووری، بە حەکیم و دانا و فەیلەسوف، زانای بیرکاری، ئەستێرەناس، شاعیر ناوبانگی دەرکردووە.

بەهۆی چوارینە بەناوبانگەکانی لەبواری ئەدەبیاتدا لەکوردستان زیاتر وەک شاعیر ناوبانگی هەیە، هەرچەندە لایەنەکانی زانستیی خەیام باشتر بووە لە لایەنی ئەدەبی، بەڵام بەهۆی چوارینەکانیەوە زیاتر ناوبانگی جیهانیی پەیداکردوە.

یەکێک لە دیارترین کارەکانی دانان و لێکدانەوەی رۆژ-ژمێر بووە لەسەردەمی دەسەڵاتی مەلەک شا ی  سەلجوقیەکاندا، لێکدانەوە بیرکارییەکانی خەیام لەم بوارەدا هێشتا پڕبایەخە و لە رۆژژمێری زاینی وورد تر و ڕونترە، لەهەمان کاتدا لە زانستەکانی بیرکاری و ئەستێرەناسی و زانستی ئەدەبی و زانستی دینی و مێژوودا زانا بووە و شارەزابووە.

چەندین شتی بەناوبانگ لە جیهاندا بە شانازی ناوی خەیام ناونراون وەک "یەکێک لە خاڵە چاڵەکانی سەر مانگ و یەکێک لە ئەستێرەکان، پەیکەری خەیام لە "چوارتاقی زانایانی ئێرانی" لــە ناو بینای نەتەوە یەکگرتوەکاندا دانراوە، ئەم زانایە جێ دەستی خۆی لە بوارەجیایاکاندا بەجێهێشت.

چوارینەکانی خەیام کۆمەڵە شیعرێکە بە شێوەی چوار خشتەکی لە سەدەی چوار و پێنج دا بە زمانی فارسی نوسراوە، ناوەرۆکی ئەم کۆمەڵە شیعرە سەبارەت بە فەلسەفەیە، ئەم کۆمەڵە شیعرە بە زمانەکانی کوردی، لاتین، ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئەڵمانی، ئیتالی، دانیمارکی، ڕووسی، چینی، ھیندی، عەرەبی، ئەرمەنی، جەند زمانێکی تر وەرگێڕاون. هەریەکە لە  ھەژار موکریانی، گۆران، چەند کەسێکی تر چوارینەکانی خەیامیان کردووە بە کوردی.