دەورانی دەمیرتاش بە کوردی بڵاودەبێتەوە

2019-05-12

2428 جار خوێندراوەتەوە

+ -

''دەوران" ناوی دووەمین کتێبی سەڵاحەدین دەمیرتاشە، بەمنزیکانە بە کوردی بڵاودەکرێتەوە.

کتێبی "دەوران" لەلایەن سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەوە لە زینداندا نوسراوە، لە کۆمەڵە چیرۆکێک پێکهاتووە و بە تورکی نوسراوە، لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ فەرهاد چۆمانییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە ئایندەیەکی نزیکدا چاپ و بڵاودەبێتەوە.

نوسەر و وەرگێڕ فەرهاد چۆمانی لە بارەی وەرگیرانی کتێبەکانی دەمیرتاشەوە وتی "دوای  وەرگێڕانی سەحەر چاوەڕوانی خوێنەران لە من هەبوو دەورانیش وەربگێڕمە سەر زمانیی کوردی، دیارە لەسەر سازی خوێنەرانەوە بڵێم ئەزموونی سەحەر وەک زمانیی وەرگێرانەکەی وایکرد ئەو داوایەیانن لە من هەبێت، بۆیە بە کەمتر لە پانزە ڕۆژ دەورانم وەرگێڕا و ماوەی دوو هەفتەش سەرقاڵی پێداچونەوە بووم. لە چواردە چیرۆک پێکهاتووە و بە زمانێکی ئاستبەرز و ئەدەبیانەی ورد نووسراوە، لە کاتی وەرگێڕانیشدا هەوڵمداوە ریتمی زمانی دەقەکە و شێوازی نووسینی دەمیرتاش بپارێزم، کە بێگومان دەیڵێم ئاسان نییە لە کۆدی زمانیی ئەو تێبگەی ئەگەر پاشخانێکی فەرهەنگیت نەبێت لەهەمبەر کاری ئەو و ئەدەبی تورکی".

فەرهاد چۆمانی دەڵێت: زمانی ئەم دەقە لە چەند چیرۆکێکدا زمانێکی تەنزئامێزە، هەندێکیان دروستکردنی کەشێکی تەواو خەمناک و هەندێکیشان پڕن لە ئەگەری رووداوی لەپڕ، من دەبوو هەوڵ بدەم ئەم دۆخ و بارانەش لەگەڵ وەرگێڕانەکە بگوازمەوە.

لە بارەی ناوەرۆکی کتێبەکانی دەمیرتاشەوە ئەو نووسەر و وەرگێڕە ئاماژەی بەوەکرد ئەم کۆمەڵە چیرۆکە، دووهەم کتێبی سەڵاحەدین دەمیرتاشە کە لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە لە زیندان ئازاد دەبن. ئەوەی بۆ ئەو وەک وەرگێڕ ئەم کتێبە سەرنجڕاکێشە و جیاواز دەیبینێت؛ دەمیرتاش هاوشێوەی ئەوانیتر باس لە نەهامەتی و سەختییەکانی شەوانەڕۆژی خۆی ناکات لە زیندان، ئەو لە زیندانەوە باس لە هەژاران، چەوساوە و گەنجانی بێکار و  ئەو ناهەقییانە دەکات کە بەرانبەر کورد و پێکهاتە جیاجیاکانی تورکیا، بە تایبەت کورد دەکرێت.

Image may contain: Ferhad Çomanî, sitting, table and indoor

"دەوران" دووەمین کتێبی دەمیرتاشە پاش نووسینی یەکەمین کتێبی بە ناوی "سەحەر" کە ساڵی ڕابردوو بڵاوکرایەوە و، بە هەمان شێوە لەلایەن فەرهاد چۆمانییەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و پێشوازییەکی زۆری لێ کرا و، یەکێکبوو لە پڕفرۆشترین کتێبەکان.

"دەوران" لە کۆمەڵە چیرۆکێک پێکهاتووە، ڕۆژی ١٢ی نیسانی ٢٠١٩ بۆیەکەمجار بەتورکی بڵاوکرایەوە، ناوەرۆکی کتێبەکە باس لە "ڕۆژگاری ئەمڕۆ و ئەو ڕۆژگارانە دەکات کە دێن و دەچن، ڕۆژێک دێت ئەم دەوور و زەمانە دەگۆڕێت."

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، جگە لە کاروباری سیاسی، خولیاکانی بۆ ئەدەب و هونەر و ڕۆشنبیری نیشانداوە، گۆرانی وتووە و چیرۆکی نووسیوە و تابلۆی کێشاوە.

دەمیرتاش لە پارێزەرییەوە هاتووەتە ناو كایەی سیاسییەوە و، پاش تێپەڕینی ماوەیەكی كەم كاریگەرییەكی گەورەی دروستكرد، پاش ئەوەی لەسەر هەڵوێستی سیاسی زیندانی كرا، تا ئێستا و لە ماوەی زیندانیکردنیدا دوو کتێبی نووسیوە.