​ڕەوا جەمال ئەلبومە نوێکەی بڵاوکردەوە

2019-04-20

3486 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هونەرمەندی گۆرانیبێژ ڕەوا جەمال لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەلبومە نوێکەی بە ناوی "بۆ کوێ بڕۆم" بڵاوکردەوە.

ڕەوا جەمال لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، ماوەی شەش ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئاواز و تێکستەکانی بووە، کۆمەڵێک شاعیر و ئاوازدانەری کورد کاریان بۆ سیدییەکەی کردووە.

توانا حەمە موزیسیان لە لێدوانێکیدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، ماوەی مانگێکە ئەلبومەکەی لابووە و لەسەر داوای ڕەوا جەمال هەڵسەنگاندنی بۆ کردووە.

وتیشی، "تێچووی ئەلبومەکە ٣٣ هەزار دۆلار بووە، باشترین میوزیسیانەکانی کوردستان کاریان لەم ئەلبومەدا کردووە."

ئاشکرایکرد، ئەلبومی "بۆ کوێ بڕۆم" لە ١٥ تراک پێکهاتووە، بەشێک لە تراکەکانی شیعری ئەم شاعیرانەن (ئەحمەد محەمەد، ساڵح بێچار، یەحیا بەرزنجی، نامۆ لەگەڵ چەند شیعرێکی ڕەنج سەنگاوی)، جگە لەو شاعیرانە شیعری کۆمەڵێک شاعیری گەنجی تری بەکارهێناوە، ئاوازی زۆربەی تراکەکانیشی لەلایەن بورهانی موفتی زادەوە دانراوە.

ناوی تراکەکانی ئەلبومە نوێکەی ڕەوا جەمال بریتین لە (تازە دوای چی، شاپەری، بۆچی هاتووی، بۆ کوێ بڕۆم، بڕوام نەما، باران، دڵم لای تۆیە، ئاوێنەی خەیاڵ، دیاری، شنەی با، تۆ گوڵی جوانی، نهێنی دڵ، وەرەوە لام، دارستانی سوتاو، بێتۆیی).

ڕەوا جەمال عەبدول لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٢ لە گەڕەکی عەقاری لە سلێمانی لەدایکبووە، لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقا و گۆرانیی کوردیی هەبووە، سەرەتا بە وتنەوەی گۆرانیی هونەرمەندەکانی تر دەستیپێکرد و زیاتر ناسرا، لە ساڵی ٢٠١٣ ئەلبومی گەڕانەوەی بڵاوکردەوە، تا ئێستا چەندین گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپی تۆمارکراوی هەیە، پیشەی سەرەکیی پزیشکی ددانە.

ئ.ل