ئەو خواردنەوانەی دەبنە هۆی مردنی پێشوەختە

2019-03-19

16971 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە توێژینەوەیەکی نوێدا ئاشکراکراوە، ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە و بەردەوام سۆدە شیرینەکان و خواردنەوە وەرزشییەکان دەخۆنەوە، ئەگەری مردنی پێشوەختە تێیاندا زۆر زیاترە بەراورد بەو کەسانەی کە بە دەگمەن ئەم خواردنەوانە بەکاردەهێنن.

لە بابەتێکی تەندروستییدا ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی نوێ کردووە، کە تیایدا زاناکان دەریانخستووە، ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە لەو کەسانەدا زیادەکات کە بە بەردەوامی سۆدە شیرینەکان و خواردنەوە وەرزشییەکان دەخۆنەوە.

ڕێکخراوی یونسێف لە پەڕەی تایبەتی خۆیدا توێژینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە سەرنجی چەند پسپۆڕێکی بواری خۆراکیی تێدا هاتووە لەسەر بەکارهێنانی سۆدا شیرینەکان و خواردنەوە وەرزشییەکان.

لە بابەتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەکارهێنانی سۆدە و خواردنەوە وەرزشییەکان مردنی پێشوەختە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکەنەوە، بە شێوەیەک، بە ڕێژەی ٣١% مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و ١٦% ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیادەکەن.

زاناکان پێشنیاری ئەوە دەکەن، وا باشە خواردنەوەی ئاو و خواردنەوە سروشتییەکان بەکاربهێنرێت بۆ گەشەدان بە تەندروستیی جەستە، باس لەوەش کراوە، بەرزیی ڕێژەی کالۆریی ئەو خواردنەوانە ئەگەری قەڵەوبوون زیادەکەن کە هۆکارە بۆ زیادبوونی مەترسیی توشبوون بە فشاری خوێن و نەخۆشیی شەکرە و جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ و نۆرەدڵی.

ز.ن