هۆکاری سەرەکیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك ئاشکرابوو

2019-03-19

2752 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کۆمەڵێك توێژەر لە زانکۆی ئیلینۆی توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە کە دەریدەخات ڕەگە سەربەخۆکانی ترشە چەورییەکان لە خوێندا رۆڵیان هەیە لە گەشە و دروستبوونی خانەکانی شێرپەنجەی مەمك، کە ئەمەش هۆکارە بۆ زیادبوونی مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە لە پاش تەمەنی بێئومێدی.

لە بابەتێکدا ماڵپەڕی ڕوسیا تودەی ئاماژەی بەوەکردووە، توێژەران شیکردنەوەیان بۆ چەند سامپڵێكی خوێنی کۆمەڵێك ژن کرد کە لە تەمەنی نائومێدیدا بوون، لە ناویاندا ٣٧ ژن کێشێکی ئاسایی هەبوو، ٦٣ ژن تووشبووبوون بە قەڵەوی، ٢١ ژنی دیکەش لە سەرەتای توێژینەوەکە کێشیان زۆربوو بەڵام دواتر دایانبەزاند.

 ئەنجامی توێژینەوەکە ئەوەی دەرخستووە، ڕاددەی ترشە سەربەخۆکان لە خوێنی ئەو ژنانەدا زۆربوون کە قەڵەون، بەڵام لەگەڵ دابەزاندنی کێشدا ڕاددەی ئەو ترشانەش دابەزیون.

لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوت، ئەو ژنانەی کە تووشبووبوون بە قەڵەوی چالاکی شانە شێرپەنجەییەکان لە خوێنیاندا زیاتر بو هەروەها خێراتر گەشەیان دەکرد، ئەمەش دەریدەخات کە مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك زیاتر بووە.

شێرپەنجەی مەمك یەکێکە لە بڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە ژناندا بەجۆرێك ساڵانە ٨٠٠ هەزار بۆ ملیۆنێك ژن تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن لە جیهاندا.

ژ.ن