ژەهری شەمشەمەکوێرەی خوێنمژ مرۆڤ لە کۆمەڵێك نەخۆشی کوشندە دەپارێزێت

2019-01-20

4323 جار خوێندراوەتەوە

+ -

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، ژەهری شەمشەمەکوێرە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەری کۆمەڵێك کێشەی تەندروستیی مەترسیدار، وەك وەستانی دڵ و نەخۆشییەکانی گورچیلە.

ماڵپەڕی ڕوسیا تودەی ئاماژەی بەوە کردووە، توێژەران چینێکی نوێی پیپتیدییان دۆزیوەتەوە لە ژەهری شەمشەمەکوێرەی خوێنمژدا، پێیانوایە ئەم پیپتیدانە دەکرێت ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەری کۆمەڵێك حاڵەت، وەك بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و وەستان و نەخۆشییەکانی دڵ و سوتان و هتد.

لەوبارەیەوە براین فرای پزیشکی بەشدار لە توێژینەوەکە وتی، "ئەو پیپتیدانە چەند شێوەیەکی گۆڕاوی پیپتیدن، کە پەیوەندییان بە جیناتی کالسیتۆنینەوە (CGRP) هەیە، کە جۆرێك جیناتە بۆ ئارامکردنەوەی دەمارەکان بەکاردەهێنرێت."

فرای وتیشی، "دەکرێت ئەمە یارمەتی پزیشکان بدات چارەسەری کۆمەڵێك تێکچوون بکەن، کە لە مولوولە خوێنەکان و دەمارە وردەکاندا ڕوودەدەن، هەروەها ڕۆڵی هەیە لە باشترکردنی ڕۆیشتنی خوێن بۆ شانە تێكشکاوەکانی جەستە."

وێڕای ئەوەی ئەم ئەنجامانە بە هەنگاوێکی پزیشکیی گرنگ دادەنرێن، بەڵام پزیشکان ناتوانن بە ئاسانی بگەن بە شەمشەمەکوێرەی خوێنمژ.

فرای وتی، "چیتر ناتوانین بگەین بە لۆکەیشنی سەرەکیی ئەم ئاژەڵانە لە مەکسیك، چونکە زانیمان کە ئەو ناوچەیەی تێیدا دەژیان لەلایەن کۆمەڵێك مافیاوە دەستی بەسەردا گیراوە، بۆیە ناچارین ڕێگەی نوێ بدۆزینەوە بۆ دیاریکردنی شوێنی ئەو شەمشەمەکوێرانە."

ژ.ن