پزیشکان وەڵامدەدەنەوە.. بۆینباخ چی بەسەر جەستەدا دەهێنێت؟

2019-01-20

4501 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بۆینباخ زۆرکات بە یەکێك لە مەرجەکانی ڕێکپۆشی پیاوان دادەنرێت، کە دەبێت ئەو کاتەی چاکەت و پانتۆڵ لەبەردەکەن بیبەستن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێك لە پیاوان ئارەزوو ناکەن لە ملی بکەن و هەست بە بێزاری دەکەن لەکاتی بەستنیدا.

هەر لە ڕابردوودا بازرگانی بەریتانی ڕیچارد برانسۆن بۆینباخی بە "هەڵەیەکی مێژوویی" ناوبردووە، بەهۆی ئەوەی ئارەزووی نەکردووە لە ملی بکات و بەهۆی کارەکەیەوە ناچاربووە.

ماڵپەڕی سکای نیوز لە بابەتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، زانایان لە نەخۆشخانەی زانکۆی کیل لە ئەڵمانیا توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە لەبارەی لەملکردنی بۆینباخ و بۆیاندەرکەوتووە، کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشكی مرۆڤ.

توێژینەوەکە داتای ١٥ پیاوی وەرگرتووە کە بۆینباخ دەبەستن و، ١٥ پیاوی دیکە کە نایبەستن، دواتر پشکنینیان بۆ کراوە بە بەکارهێنانی ئامێری ڕەنینی موگناتیسی بۆئەوەی بزانن ڕاددەی ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشکی ئەو پیاوانە چۆنە.

ئەنجامەکان دەریانخست، مێشکی ئەو کەسەی کە بۆینباخ دەبەستێت بە ڕاددەی ٧.٥% کەمتر خوێنی بۆ دەڕوات بەراورد بەو کەسانەی کە بۆینباخ نابەستن.

توێژەران هۆکاری ئەمەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بۆینباخ ئەو دەمارانە تەسكدەکاتەوە کە خوێن بۆ مێشك دەبەن.

کەم ڕۆیشتنی خوێن بە ڕاددەی ٧.٥% مەترسییەکی کوشندەی نییە، بەڵام دەکرێت زیان بەو کەسانە بگەیەنێت کە جگەرە دەکێشن یان فشاری خوێنیان بەرزە و وایان لێبکات تووشی سەرگێژخواردن و بوورانەوە ببن.

ژ.ن