ئەنجامی هاوسەرگیری لەگەڵ خزمدا چی لێ دەکەوێتەوە؟

ئەنجامی هاوسەرگیری لەگەڵ خزمدا چی لێ دەکەوێتەوە؟
2019-01-12

67930 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەنجامدانی هاوسەرگیری لەگەڵ خزمدا بەپێی توێژینەوە زانستییەکان دەرکەوتووە، دایک و باوکی ئەو منداڵانەی کە نەخۆشن زۆرینەیان ئامۆزا یان خاڵۆز و پورزای یەکترن، لە زۆربەی وڵاتان ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری نێوان خزمان کراوە بە کلتور.

لە بەرنامەی ئەمجارەی "هێڵی سور"ی کەناڵی ئێن ئاڕ تی ئاماژە بە هاوسەرگیریی لەنێو خزماندا کراوە، لەگەڵ ئەو کاریگەرییە تەندروستییانەی لەسەر وەچەکان دروستی دەکات.

لە توێژینەوە زانستییەکاندا هاتووە، هاوسەرێتی لەنێوان خزماندا هۆکارە بۆ دروستبوونی زیاتر لە ٨٢ جۆری نەخۆشی، بەشێک لە نەخۆشییە بۆماوەییەکان بەهۆی پێشینەی خێزانەوە دروستدەبێت.

نەخۆشییە بۆماوەییەکان بەهۆی تێکچوونی بۆهێڵەکان و نەگونجانی فاکتەرەکانە، کە سیفەتە کەسییەکان لە دی ئێن ئەی دا دەردەکەون، بەهۆی ناتەواوی لە ڕیزبەندی جینەکانەوە دروستدەبن.

دیارترین نەخۆشییە بۆماوەییەکان نەخۆشییەکانی خوێنە، بە تایبەت سالاسیمیا، کە لە ئێستادا لە هەرێم بووە بە نەخۆشییەکی باو، لەگەڵ نەخۆشییەکانی کۆئەندامی دەمار، وەکو ئیفلیجی مێشک و کۆئەندامی هەرس و دڵ و نەخۆشییە زگماکییەکانی گورچیلە و دڵ و چەند نەخۆشییەکی تر.

سەبارەت بە هاوسەرگیری لە نێو خزماندا لەڕووی پزیشکییەوە خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی وتی، پزیشکی خۆپارێزی لەگەڵ ئەوەدایە کە دووربکەوینەوە لە ئەنجامدانی هاوسەرگیری لەنێوان خزم بەتایبەت ئەوانەی زۆر لەیەکتری نزیکن، وەکو ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزا، چونکە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییە زگماکییەکان زیاتردەبن، هەربۆیە بۆچوونی پزیشکی خۆپارێزی باشترە کە خۆمان بەدووربگرین لەو جۆرە هاوسەرگیرییه.

لەڕووی ئاینییەوە، هاوسەرگیری نێوان خزم ڕێگەپێدراوە یاخود نا، لەوبارەیەوە ئەحمەد قامیشی مامۆستای ئاینی ئاشکرایکرد، هاوسەرگیری لە نێوان خزماندا کە حەرام نییە لە ئاینی ئیسلامدا ڕێگە پێدراوە، چونکە پێغەمبەر "د.خ" کردوویەتی و کچەکەی خۆیی داوە بە ئیمامی عەلی کە ئامۆزای بووە، ئەو هاوسەرگیرییە کە کراوە ڕێگەی لێ نەگیراوە، بەڵام فەرمانیشی پێ نەکراوە، هەبۆیە لە ئاینی ئیسلامدا مرۆڤ دەتوانێ ئەو هاوسەرگیرییە بکات یاخود نەیکات، واتە هەڵبژاردن بەدەست کەسەکە خۆیەتی، لە کتێبەکاندا کە باس کراوە باسی هاوسەرگیری کردووە کاتێک کە باسی ئافرەتی باش دەکات، ئاماژە بە کۆمەڵێک سیفەتی ئافرەت کراوە، لە یەکێک لە سیفەتەکاندا نوسراوە چاکتر وایە ئافرەت بێگانە بێت و خزم نەبێت، بەپێی ڕیوایەتێک پێغەمبەر (د.خ) "نەهی کردووە کە ئافرەتێک لەگەڵ خزمەکەی هاوسەرگیریی پێ بکرێت."

ئ.ل