وەزیری دەرەوەی سوید سوپاسی تارا ڕەسوڵی کرد

2020-04-06

68221 جار خوێندراوەتەوە

+ -

وەزیری دەرەوەی وڵاتی سوید سوپاسی خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ تارا ڕەسوڵی کردووە، لە پای هەوڵ و یارمەتییەکانی بۆ کەسانی بەساڵاچووی ئەو وڵاتە.

تارا رەسوڵ لە لاپەرەی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاماژەی بەوەکردووە، ئان لیندا وەزیری دەرەوەی سوید بە پەیوەندیی تەلەفۆنی سوپاسی تارا ڕەسوڵی کردووە، کە بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و مانەوەی هاوڵاتیان لە ماڵەوە، ئەو هونەرمەندە پێداویستی بۆ کەسانی بەساڵاچووی ئەو وڵاتە کڕیوە و گەیاندوویەتییە دەستیان.

تارا لە درێژەی بڵاوکراوەکەیدا نوسیوویەتی "لیندا وتوویەتی من کوردم زۆر خۆشدەوێت و دۆستێکی دێرینی ئێوەم، هیوای خواستووە دوای تێپەڕبوونی ئەم ڕەوشە پێکەوە سەردانی هەرێمی  کوردستان بکەین".

لیندا بە تارا ڕەسوڵی وتووە "دەزانم جگە لە کارکردنت لە پارتی سۆشیاڵ دیموکراتی سوید، هونەرمەندێکی دیار و بەناوبانگی کوردستانیت، ئەوەش هەم بۆ حزبەکەمان و هەم بۆ سوید شانازییەکی گەورەیە".

تارا ڕەسوڵ لەساڵی ١٩٧٥ لەدایکبووە، نزیکەی ٢٠ ساڵ دەبێت چووەتە دەرەوەی وڵات، یەکێکە لەهونەرمەندە دیارەکانی کوردستان و چەندین بەرهەمی هونەری و ئەلبوومی تۆمارکراو و بڵاوکراوەی هەیە،لە ئێستاشدا ئەندامی پارتی سۆشیال دیموکراتی سویدە.

ئ.ل