دوای مردنت چی بەسەر هەژماری فەیسبووکتدا دێت؟

2020-02-19

15119 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یەکێک لە بەڵگەنەویستەکانی ئەم جیهانە مردنە، بۆیە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ئامادەکارییان کردووە بۆ مردنی هەرکام لە بەکارهێنەرانیان، بەڵام بە دیاریکراوی هەژماری فەیسبووکەکەت دوای مردنت دەکەوێتە دەست کێ؟

تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک چەند بژاردەیەکی خستووەتە بەردەستی بەکارهێنەرانی سەبارەت بە چارەنووسی هەژمارەکانیان لەدوای مردنی خۆیان، بژاردەی یەکەم بریتییە لە سڕینەوەی هەتا هەتایی هەژمارەکە. (لێرەوە دەتوانیت داوابکەیت هەژمارەکەت دوای مردنت بسڕدرێتەوە.)

ئەگەر بەکارهێنەر ئەمەی نەویست دەتوانێت داوابکات هەژمارەکەی وەک یادگاری بمێنێتەوە، ئەو هەژمارانەی کە وەک یادگاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەدا دەمێننەوە لەپەنای ناوەکەیاندا ئاماژە بەوە دەکرێت کە هەژمارەکەیان تەنیا یادگارییە، ئەگەر پێشتر رێگەیدابێت هاوڕێکانی لەسەر "Timeline"ـەکەی بڵاوکراوە دابنێن ئەوا دوای مردنیشی هاوڕێکانیشی دەتوانن وێنە و نووسینی تێدا بڵاوبکەنەوە، بەڵام ناتوانن لەبری ئەو هیچ شتێک بڵاوبکەنەوە، هیچ کەسێکیش ناتوانێت بڕواتە نێو هەژمارەکەوە، دوای ئەوەی بەڵگەی مردنی کەسە دەگاتە کۆمپانیای فەیسبووک، کەسی مردوو لە هەر لاپەڕەیەکدا بەڕێوەبەر بووبێت ئەو لاپەڕەیش دەسڕدرێتەوە. (لێرەوە دەتوانیت وا لە هەژمارەکەت بکەیت دوای مردنت وەک یادگاری بمێنێتەوە.)

Image result for deceased person's account on Facebook

سەبارەت بە بژاردەی سێیەمیش، خاوەنی هەژمارەکە دەتوانێت کەسێک دەستنیشانبکات کە دوای خۆی هەژمارەکەی بۆ بەڕێوەبەرێت، ئەو کەسەش پێیدەوترێت "Legacy Contact"، ئەم کەسە دەتوانێت ماڵئاواییەک بڵاوبکاتەوە لە هەژمارەکەدا و شوێن و کاتی ماتەمینیی کەسی مردووی تێدا دەستنیشانبکات، جگە لەمەش دەتوانێت بڵاوکراوەکانی خاوەنی هەژمارەکە ببینێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بڕواتە نێو هەژمارەکە و نامەکان بخوێنێتەوە یاخود هاوڕێکان بسڕێتەوە، دەتوانێت داواکاری هاوڕێیەتی وەربگرێت، بەڵام ناتوانێت داوای هاوڕێیەتی لە هەژماری دیکە بکات.

جگە لەمانە دەتوانێت وێنەی پرۆفایل و کەڤەری هەژمارەکە بگۆڕێت و تەنانەت داوای سڕینەوەی هەژمارەکەش بکات. (لێرەوە دەتوانیت کەسێک دەستنیشانبکەیت تاکو دوای خۆت هەژمارەکەت بەڕێوەبەرێت.)

 

فەیسبووک چۆن دەزانێت کە بەکارهێنەرێکی مردووە؟

یەکێک لە هاوڕێ یان کەسە نزیکەکانی دەتوانن بەڵگەیەکی مردنی خاوەن هەژمارەکە بنێرن بۆ کۆمپانیاکە و دوای پێداچوونەوە بە راستیی و دروستیی بەڵگەنامەکاندا کۆمپانیاکە بەپێی داواکاریی پێشووی خاوەن هەژمارەکە یەکێک لە سێ بژاردەکەی سەرەوە چالاکدەکات.

ب.ع

زۆرترین خوێندراو